فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكرای ده‌كات، تا ئێسته هیچ كام له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی هاوڕێی له‌ناو گۆڕانه‌وه نه‌چوونه‌ته ناو یه‌كێتی. ئه‌وه‌یش راده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه بن ده‌ستی حزب له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ببڕێت و هێزی پێشمه‌ڕگه به نیشتمانی بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه كه یه‌كێتی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێشتر هه‌وڵی زۆر له ئارادا بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نوه‌ر دۆڵانی فه‌رمانده‌ی پێشووی سه‌ربازی یه‌كێتی كه ئێسته له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ناو یه‌كێتی و پۆستی نوێی پێ بده‌ن، به‌ڵام دۆڵانی ئاماده نه‌بوو خۆی بخاته ئه‌و ئاسته و حزبگۆڕین بكات.
"هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه بوون كه به‌شێك له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئێسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به پێدانی پۆست و پاره بۆ ناو یه‌كێتی ڕابكێشنه‌وه كه له ناویاندا عوسمان حاجی مه‌حموود و ئه‌نوه‌ر دۆڵانی بوون، به‌ڵام كه‌سیان ئاماده نه‌بوون" سه‌رچاوه‌كه وای گوت.
له‌م ڕۆژانه‌دا عوسمانی حاجی مه‌حموود سه‌ركرده‌ی زی‌زی گۆڕان، له ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هیدێكی یه‌كێتیدا بووه كه له ته‌نیشت مه‌حموود سه‌نگاوی دانیشتووه، به‌ڵام تا ئێسته به فه‌رمی یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه كه ئایا عوسمانی حاجی مه‌حموود وه‌ك هاوڕێیه‌كی ئه‌و شه‌هیده به‌شداری ئه‌و رێوڕه‌سمی ساڵوه‌گه‌ڕه بووه یان پله‌ی نوێی وه‌رگرتووه، له‌و ڕووه‌وه تا ئێسته هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌داوه و یه‌كێتیش هیچی له‌وباره‌وه بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
عوسمان حاجی مه‌حموود، یه‌كێكه له‌و پێنج سه‌ركرده‌یه‌ی له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمپانیای "وشه" له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان جێهێشت، ئه‌و سه‌ركردانه‌یش هه‌ریه‌كه له عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، عوسمانی حاجی مه‌حموود، قادر حاجی عه‌لی، جه‌لال جه‌وهه‌ر و سالار عه‌زیز بوون، له‌و پێنج سه‌ركرده باڵایه‌ی گۆڕان، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه و جه‌لال جه‌وهه‌ر ماونه‌ته‌وه.
ئه‌و كارانه بۆ یه‌كێتیش جوان نییه، چونكه به‌و هه‌نگاوانه هیچی پێ چاره‌سه‌ر نابێت و باشتره كارێك بكه‌ن ناوماڵی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان یه‌ك بخه‌نه‌وه
خه‌لیل سه‌ركانی ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و فه‌رمانده‌ی پێشووی سه‌ربازی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی پێشووی یه‌كێتی كه پێشتر پله‌ی هه‌بووه له‌ناو ئه‌و حزبه، زۆرجار له‌گه‌ڵ براده‌رانی خۆی له یه‌كێتی داده‌نیشن، به‌ڵام هیچ داوایه‌كیان ئاراسته نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێتی.
ئه‌و گوتی "ئه‌و كارانه بۆ یه‌كێتیش جوان نییه، چونكه به‌و هه‌نگاوانه هیچی پێ چاره‌سه‌ر نابێت و باشتره كارێك بكه‌ن ناوماڵی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان یه‌ك بخه‌نه‌وه".
به‌گوته‌ی سه‌ركانی، هه‌وڵی ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌یه كه هێزی پێشمه‌رگه ببێته هێزێكی نیشتمانی و له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه یه‌ك بخرێت دوور له ده‌ستوه‌ردانی حزبی، بۆ ئه‌وه‌ی دوور له هه‌موو فه‌رمانێكی حزبی به‌رگری له خاك و نیشتمان بكه‌ن.
بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، "وشه" پێوه‌ندی به مسته‌فا چاوڕه‌ش فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه كرد، ئه‌و ڕای گه‌یاند، هیچ شتێكی له‌وباره‌وه نه‌بیستووه و ئاگاداری هیچ هه‌وڵێكی له‌و جۆره نییه.
پێشتر هه‌ریه‌ك له عوسمان بانیمارانی و سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن (سه‌ركه‌وتی كوبه) فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی یه‌كێتی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به "پاره و پۆست"، بانیمارانی وه‌ك له نووسراوێكدا ئاشكرا بوو كراوه به ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی و ده‌گوترێ كوبه پۆستی ته‌ناهیی وه‌رده‌گرێ.
له به‌رانبه‌ردا چه‌ندان به‌رپرسی گۆڕان كه تا ئێسته‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له حزبه‌كه‌یان زیزن، به‌ڵام نین بۆ پۆست و پاره پێوه‌ندی به‌هیچ حزبێكه‌وه بكه‌ن و له ماڵه‌وه دانیشتوون.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستیار عه‌بدوڵا