بە وێنە.. وەرزی دەرکەوتنی قارچکە

:: PM:02:05:12/11/2019 ‌
قارچك لەو خۆراکانەیە لە کوردستان خواستێكی زۆری له‌سه‌ره، ئێستا لە ناوچەی پێنجوێن وەرزی دەرکەوتنی قارچکە و خەڵکێکی زۆر بۆ هەڵکەندنی روویان کردووەتە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو دەڤەرە.
بەهۆی ئەوەی هێشتا باران نەباریوە قارچکەکان وشکن و دەبێ چاوەڕوانی باران بکرێت

ئازاد به‌رهه‌م خەڵکی پێنجوێنە و وەک بۆ ‌"وشه‌"ی باس دەکات، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی سرووشتی ناوچه‌كه‌مانه‌وه‌، ساڵانه له‌م وه‌رزه‌دا كه پایزه و له‌دوای یه‌كه‌م باران بارین، قارچكێكی زۆر له ‌كوێستان و گونده سنوورییه‌كانی نێوان پێنجوێن و رۆژههڵاتی کوردستان پێده‌گات.

زیاتر روونی دەکاتەوە، رۆژانه خەڵکێکی زۆر لە پێنجوێن ده‌چینه كوێستان و شاخه به‌رزه‌كان و قارچێكی زۆر كۆ ده‌كه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده قارچك له ‌سنووره‌كه‌ماندا پێگه‌یشتووه و زۆره‌، بهڵام به‌هۆی كه‌می باران بارین و هه‌وره تریشقه‌وه قارچكی ئه‌مساڵی پێنجوێن وشكه و چاوه‌ڕوانین بارانی تر ببارێت و قارچكه‌كان ته‌ڕ بكات.

یه‌عقوب كه‌مال فرۆشیاری قارچكه له‌بازاڕی پێنجوێن، وەک ئاماژەی پی دەدات، رۆژانه له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌س و هاووڵاتییانه‌ی پێنجوێنه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دانیشتوی گونده‌كانن، بە فەردە قارچكمان بۆ ده‌هێنن و ئێمه‌ش لێیان ده‌كڕینه‌وه و به‌كڕیارانی ده‌ده‌ین و نرخه‌كه‌شی بۆ هەر کیلۆیەک له هەزار و 500 دینار بەرەوسەرە و تا دوو هەزار دینار دەچێت.

"هۆكاری زۆری خواست له‌سه‌ر قارچك بۆ سودە ته‌ندروستییەکانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وانه‌ش سوودی هه‌یه بۆ دابه‌زاندنی كێش، چونكه "90%"ی پێكهاتووه له ئاو، هه‌روه‌ها مرۆڤ دەتوانێت له‌جیاتی گۆشت قارچك بەکار بهێنن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی جێی ڤیتامینه‌كانی گۆشت ده‌گرێته‌وه و به‌رگری له ‌باری ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌كات و پاڵەپەستۆی خوێنیش ناهێڵێت، جگه له‌وه‌ش چهورییه زیانبه‌خشه‌كان ده‌سوتێنێت و له هه‌مان كاتیشدا دژی دروستبوونی شێرپه‌نجهیە"یەعقوب کەمال وای گوت.

شارۆكه‌ی پێنجوێن، ده‌كه‌وێته باكووری رۆژههڵاتی پارێزگای سلێمانی و یه‌كێكه له‌ناوچه كوێستانی و به‌رزه‌كان و به‌و هۆیه‌شه‌وه ناوچەکە لە وەرزی باراندا قارچکێکی زۆر دەگرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی










وشە - هیدایه‌ت جان