سائیروون پاشگەز دەبێتەوە.. لێپرسینەوە لە عەبدولمەهدی مانای لادانی نییە

:: PM:04:45:12/11/2019 ‌

لەوكاتەی هاوپەیمانی "سائیروون"، سەر بە موقتەدا سەدر یەكەم و خاوەن توندترین هەڵوێستی كاریگەر بوو بۆ سەر دۆخەكە و پاڵپشتی لە داواكاری خۆپێشاندەران كرد بۆ لادانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و حكوومەتەكەی، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیەتییەكە دووپاتی دەكاتەوە كە لێپرسینەوە لەگەڵ عەبدولمەهدی مەرج نییە بۆ لادانی بێت.

سائیروون لە داوای لادانی عەبدولمەهدی سارد دەبێتەوە
خۆپێشاندانەكان و ئەو داواكارییەی خۆپێشاندەران دەیخەنە روو بۆ گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەوایی و دوورخستنەوەی ئەو چین و پارتە سیاسیانەی ئێستە هەن، وای كردووە كە پارتە سیاسییەكانی شیعە و سوننەی عێراق پاڵپشتی لە مانەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بكەن، چونكە مانەوەی ئەو بووەتە مەرجی مانەوەی ئەوانیش، بۆیە خەریكە بەرەی مانەوەی عەبدولمەهدی تەنیا لە هاوپەیمانی "نەسڕ"، بەتاڵە دەبێت كە ئەویش بە هۆی خواستی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە بۆ شوێنگرتنەوەی عەبدولمەهدی تا ئێستە داوای گۆڕینی حكوومەت دەكات.

لەو كاتەی دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی عێراق موقتەدا سەدر پاڵپشتی بۆ هاوپەیمانی "سائیروون"، رای گەیاند كە دەبێت عادل عەبدولمەهدی بچێتە پەرلەمان و حكوومەتەكەی هەڵوەشێنێتەوە و وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، ئەمڕۆ سێشەم ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری ئەو هاوپەیمانیەتییە رای گەیاند كە ئەوان بەردەوام دەبن لە ئامادەسازی بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەناو پەرلەمان بەهۆی چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ خۆپێشاندانەكانەوە.

زیاتر گوتی، ئەوەی "سائیروون"، هەوڵی بۆ دەدات ناچێتە خانەی كردنە ئامانجی كەسی یان سیاسی و لێپرسینەوەكەش مانای لادانی سەرۆك وەزیران نییە و ئەو پرسە بە وەڵامەكانی خۆی و سازانی سیاسی لەناو پەرلەمان بەستراوەتەوە. 

لەو ناوەدا گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو لایەنەی كە دەبێت بڕیار لەسەر چارەنووسی حكوومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، هێزە سیاسییەكانن لە رێگەی نوێنەرانیان لە پەرلەمانی عێراق نەوەك هیچ لایەنێكی تر، وەك ئاماژەیەك بۆ خۆپێشاندەران یان ئەمەریكا و هیتریش.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان تاكە لایەنە دەتوانێت پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی حكوومەت یەكلا بكاتەوە، چونكە چەند دەقێكی دەستووری هەن ئەو پرسەیان یەكلا كردووەتەوە.

دوێنێ كۆشكی سپی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد گرنگی بە دۆخی ناوخۆیی عێراق بدەن و پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق كرد، پارتە سیاسییە شیعەكان وەك هەوڵێك بۆ ساردكردنەوەی خۆپێشاندەرانی شیعە و دووبارە پەنا بردن بۆ رەتكردنەوەی دەستوەردانی ئەمەریكا لە كاروباری عێراق و پێویستی یەك وەڵامی شیعە لە بەرانبەر ئەمەریكا، جاسم بخاتی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە كە عەمار حەكیم سەركردایەتی دەكات رای گەیاند، بەیاننامەكەی كۆشكی سپی پێشێلی سەروەری عێراق دەكات و وا پێویست دەكات هێزە سیاسییەكانی عێراق هاوشانی بكەن بەوەی كەس دەست لە كاروباری عێراق وەرنەدات. 

شایەنی باسە لە خۆپێشاندانەكانی دوایی دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە"، لە بەغدا و هەموو شارەكانی شیعە دەبیسترا، بەتایبەتی لە شاری كەربەلا كە دووجار خۆپێشاندەران هەڵیان كوتایە سەر كونسوڵخانەی ئێران و بەو هۆیەوە قوربانییەكی زۆر كەوتەوە، بۆیە خۆپێشاندانەكانی دوایی سەلماندیان كە شیعەی عێراق دژی ئێران و پارتە سیاسییەكانی سەر بە ئێرانن كە لە دوای 2003ەوە هۆكاری سەرەكین بۆ گەندەڵی و خراپی بژێوی عێراق، لەوكاتەی هەموو حكوومەتەكان هی شیعە بوونە و عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیا.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل