كەلێنێكی گەورە و مەترسیدار ی فەیسبووك ئاشكرا دەبێ.. بێ ویستی خۆت كامێرای مۆبایلەكەت دەكاتەوە

:: PM:02:40:13/11/2019 ‌
یەكێك لە بەكارهێنەرانی فەیسبووك، كەلێنێكی گەورەی تەناهی لە بڵاوترین پێگەی كۆمەڵایەتی ئاشكرا دەكات كە ئەویش رێدانە بە كردنەوەی كامێرای مۆبایلی بەكارهێنەران بێ پرس پێكردن و تەنانەت ئاگاداربوونیشیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی تشرینی دووەم، جۆشوا مادوكس ئەو گەنجەی كەلێنە مەترسیدارەكەی فەیسبووكی ئاشكرا كردووە، لە پێگەی تایبەتی خۆی لەسەر تویتەر، بڵاوی كردەوە كە توانیویەتی كەلێنێكی زۆر گەورەی پێوەندار بە لایەنی تەناهی و تایبەتمەندی بەكارهێنەران لەسەر فەیسبووك ئاشكرا بكات، بەتایبەت لەو كاتەی كە فەیسبووكەكەت كراوەیە و دەتوانی لە رێی كامێراوە بزانی چی لە پشتەوەی هەواڵەكان هەیە. 
جۆشوا گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەگەڵ تویتەكەی پۆست كردووە و كار لە پشتەوەی شاشەكە دەكات، لە پشتەوە دیوای هەواڵ لە لاپەڕەی فەیسبووك، دەتوانێ كامێراكە بكاتەوە. ئەو دەڵێ، ئەو جووڵەیە لەسەر سیستمی (ئەی ئۆ ئێس)ـی تایبەت بە مۆبایلی ئایفۆن ئەنجام داوە. 

شارەزایان دەڵێن ئەو كەلێنە لەسەر سیستمی (ئای ئۆ ئێس 13.2.2) هەیە

دوای بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، زۆر لە ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان پشتڕاستی بوونی ئەو كەلێنە ئابڕووبەر و پڕ مەترسییە بۆ سەر تایبەتمەندی بەكارهێنەران دەكەنەوە، شارەزایان دەڵێن ئەو كەلێنە لەسەر سیستمی (ئای ئۆ ئێس 13.2.2) هەیە بەڵام بەكارهێنەرانی مۆبایلی ئایفۆن سیستم (ئای ئۆ ئێس 13.1.3) ئەو كەلێنەی نییە  و هیچ كێشەیەكی نییە. 

شارەزایانی بواری ئای تی دەڵێن، چارەسەری كاتی كێشەكە ئەوەیە بەكارهێنەران فەیسبووك بژاردەی بەكارهێنانی كامێرا لە فەیسبووك دابخەن تا كۆمپانیای فەیسبووك ئەو كەلێنە چارەسەر دەكات، ئەمەش لە رێی چوونە ناو ئامادەكاری (Settings) پاشان تایبەتمەندی كەسی (Privacy) هەڵدەبژێری و دواتر كلیك لەسەر كامێرا (Camera) دەكەی، چالاككردنی كامێرا لە مۆبایلەكەت و فەیسبووكەكەت رادەگری كە رێ بە فەیسبووك دەدات كامێرای مۆبایلەكەت بەكار بهێنێت. 



وشە - فه‌رمان سادق