%95ـی جەستەی سووتاوە "وشە" وردەكاری سووتانی منداڵە پەنابەركەی كەمپی بەردەڕەش بڵاو دەكاتەوە

:: PM:08:24:13/11/2019 ‌
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم 13ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر، منداڵێكی تەمەن 12 ساڵانی پەنابەری رۆژئاوای كوردستان لە كەمپی بەردەڕەش ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. پۆلیس و سەرپەرشتیاری كەمپەكە دەڵێن، 95%ـی جەستەی سووتاوە و ئێستە لە نەخۆشخانەی سووتانە لە دهۆك.

نەقیب فەواز ئیسماعیل بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش دەڵێ، بەشێكی سیمی تەلبەندی كەمپەكە دڕاوە، ئەو منداڵە لەوێوە رای كردووەتە دەرەوەی كەمپەكە و لەبەردەم دەرگای كەمپ نەوتی بەخۆی داكردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

خەلیل بە پۆلیسی گوتووە دڵم تەنگە بۆیە خۆم سووتاند


زیاتر روونی كردەوە، شوفێرانی تاكسی بەردەم كەمپەكە بە ئاگر كوژێنەوەی ناو ئۆتۆمبێلەكانیان، ئاگری سەر جەستەی منداڵەكەیان كوژاندووەتەوە و تا ئەو دەمیش پۆلیسی بەردەڕەش گەیشتووەتە شوێنی رووداوەكە و منداڵەكەیان دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەی سووتانی دهۆك بردووە، گوتی "بە قسەی پزیشكانی نەخۆشخانەكە بێت، خەلیل، ئەو منداڵەی خۆی سووتاندووە، 95%ـی جەستەی سووتاوە و تەندروستیشی باش نییە".

لە بارەی هۆكاری خۆسووتانەكەشی، ئاماژەی بەوەدا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆك پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە، گوتی "بەڵام ئەوەی زانراوە لەسەری ئەوەیە كە ئەو لای خاڵی لە بەردەم كەمپەكە لە دوكانی سەوزە و میوە كار دەكات، یەكێك لە پۆلیسەكانیش لێی پرسی بوو بۆچی بڕیاری خۆسووتانت داوە، گوتوویەتی دڵم تەنگە".

بۆتان سەلاحەدین سەرپەرشتیاری كەمپی بەردەڕەش، ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو منداڵە لەگەڵ دایك و ماڵباتەكەی روویان لە كەمپی بەردەڕەش كردووە و باوكی لەگەڵیان نییە، گوتی "دایكی دەڵێ، پیاوەكەی ماوەی شەش ساڵە هیچ سۆراغێكی نییە".



وشە - فه‌رمان سادق