منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵ ئەندازیاریی ئەلیكترۆنیك دەخوێنێت

:: AM:10:47:14/11/2019 ‌

منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵی هۆڵەندی هەفتانە سێ جار لە ئامستردامەوە دەچێتە ئاندهوڤن بۆ ئەوەی لە باشترین زانكۆی بواری ئەندازیاری تەكنەلۆجیا لە بەشی ئەلیكترۆنیك دوانە بخوێنێت. ئەو لە زانكۆ دەخوێنێت و ئەوەندە بلیمەتە كە بە ئالبرت ئانشتاین و ستیڤن هاوكینگ بەراورد دەكرێت.

لۆرێن سیمۆنز خوێندكارێكی ئاسایی نییە ئەو لە بەلجیكا و هۆڵەندا گەورە بووە و لە قۆناغی كۆتایی كۆلێژەكەی دەخوێنێت و ئەمساڵ لە بواری ئەلیكترۆنیك بەكالۆریۆس وەردەگرێت و دەبێت بە ئەندازیاری ئەلیكترۆنیك.

ئەو لە 2018ەوە كاتێك تەمەنی هەشت ساڵ بوو لە زانكۆ دەخوێنێت و لە ماوەی دوو ساڵدا دەیەوێت قۆناغی زانكۆ ببڕێت. هاوپۆلە بە تەمەنترەكانی ئیتر بەوە راهاتوون لەگەڵ منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵ دانیشن و گوێ لە وانەكان بگرن.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" دایكی لیدیا بە كوڕەكەی دەڵێت كاتێك خەڵك پێت دەڵێن تۆ زۆر بلیمەتی نابێت بە لاتەوە ئاسایی بێت، بەڵكو دەبێ شانازی بە خۆتەوە بكەیت. ئلۆرێن رقی لە وانەی زمان دەبێتەوە و دەڵێت ناچارت دەكەن رۆمانێكی زۆر بخوێنیتەوە شتێك كە حەزی لێ ناكەم.

ئەو منداڵە تەمەن نۆ ساڵە دڵنیایی دەدات لەوەی رۆژێك دادێت رێچارەیەك بۆ گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوا دەدۆزێتەوە و پێشی وایە دەبێت لە كەرتی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە وەبەرهێنانی زیاتر بكرێت.
دەمەوێ كارێك بكەم ژیان درێژتر بێت

یەكێك لە پڕۆفیسۆرەكان كە وانە بەم منداڵە دەڵێتەوە، سەرسامی زیرەكییەكەیەتی و دەڵێت پێشتریش قوتابی زیرەكی هەبووە، بەڵام توانا و هۆشی ئەم قوتابییە سێ هێندەی ئەوانەی پێشترە.

لۆرێن خەریكی توێژینەوەیە لەسەر هەڵوێستی خانەكانی مێشك و بۆ ئەو مەبەستەش جۆرە مایكرۆسكۆپێكی داهێناوە كە بە مایكرۆچیپ ناسراوە. ئەو دەڵێت "دەمەوێ كارێك بكەم ژیان درێژتر بێت."



وشە - سلێمان تاشان