لە كوردستان زیاتر لە 99 هەزار كەس شەكرەیان هەیە

:: AM:11:25:14/11/2019 ‌
نەخۆشی شەكرە، یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و سەرەڕای ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی بواری پزیشكی پێی گەیشتووە، هێشتا نەتوانراوە چارەسەری ئەو نەخۆشییە بدۆزنەوە و هاوشانی چەندان نەخۆشی تر، تەنیا چارەسەر رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنیەتی تا تووشبوو بە نەخۆشییەكە گیانی لە دەست نەدات. لە تەواوی كوردستان 99 هەزار  كەس دووچاری نەخۆشیی شەكرە بوونە و لە دنیاش زیاتر لە حەوت ملیۆن كەس.

هۆشیار عەلی پەیامنێری "وشە" لە سلێمانی  دەڵێ، لە پارێزگای سلێمانی لە ماوەی ساڵی رابردوودا دوو هەزار كەس دووچاری نەخۆشیی شەكرە بووە.

بەپرسی سەنتەری شەكرە لە سلێمانی دەڵێ، لە 12 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 33 هەزار و 202 كەس لە سەنتەری شەكرەی سلێمانی تۆمار كراون، گوتی "بەڵام بەشی زۆری هاووڵاتییان كە تووشی شەكرە دەبن خۆیان لە سەنتەری شەكرە تۆمار نەكردووە". 

دێرین ئه‌حمه‌د‌, په‌رستار  به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند, هۆکاری توشبوون بە نه‌خۆشی شه‌كره‌ به‌  گشتی, ته‌مه‌ن كاتێك ده‌گاته‌ سه‌رووی‌ 45 ساڵی, قه‌ڵه‌وی, كه‌م چالاكی رۆژانه‌ و نه‌جوڵان, هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ دووگیان ده‌بن ئه‌گه‌ری توشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌یه‌, هه‌روه‌ها هۆكاری بۆماوه‌یی, به‌رزی چه‌وری خوێن و خواردنی هه‌ندێ ده‌رمان و خراپی باری ده‌روونی و ناڕێكی له‌ ژه‌مه‌ خۆراكه‌كان, ئه‌مان هه‌موو هۆكاره‌كانی توشبوو به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ن.


نەوزاد هلوری پەیامنێری "وشە" لە دهۆك دەڵێ، لە تەواوی پارێزگای دهۆك 26 هەزار  كەس لە دهۆك نەخۆشی شەكرەیان هەیە، لەم ژمارەیەدا 21 هەزار و 488ـیان خەڵكی دانیشتووی شارەكەن و ئەوانی تریش لە ئاوارە و پەنابەرانن كە روویان لە دهۆك كردووە.

لە هەولێر 39 هەزار و لە سلێمانی 33 هەزار و لە دهۆك 26 هەزار تووشبوو بە شەكرە هەیە


لای خۆیەوە زریان تەها پەیامنێری "وشە" لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا كە 39 هەزار و 800 كەس لە تەواوی پارێزگای هەولێر نەخۆشیی شەكرەیان هەیە.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری سەنتەری شەكرەی هەولێر بۆ ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە و دەفتەریان بۆ كراوە، لە تەواوی شارەكە 39 هەزار و 800 كەس دەفتەریان هەیە و لەسەر بنەمای ئەو دەفتەرەش چارەسەر وەردەگرن.

لەم ژمارەیەی پارێزگای هەولێر، شەش هەزار و 59 تووشبوو بە شەكرە، ئاوارە و پەنابەرن، 32 هەزار و 900 تووشبووەكەی تریش دانیشتووی شارەكەن كە 893ـیان منداڵن، 47 تووشبوو دانیشتووی كەركووكن كە پاش رووداوی 16 ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتری ئاوارەی هەولێر بوونە، یەك دانەش لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان.

لە شاری هەولێر تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا هەزار و 856 كەس دووچاری شەكرە بوونە، لەم ژمارەیەدا هەزار و 370ـیان دانیشتووی هەولێرن و 376ـیان ئاوارەن، 96ـیان منداڵن، 22ـیان ئاوارەی كەركووكن و یەكیان پەنابەری رۆژئاوای كوردستانن.

تا ئێستە تاكە چارەسەر كە تووشبووانی شەكرە بەكاری دەهێنن، دەرزی ئەنسۆلین یان حەبە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە.

بەهۆی نەبوونی ئامارێكی دروست، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی شەكرە نەزانراوە، بەڵام رێكخراوی ئەجیالی غەد دەڵێ، تا ساڵی 2018 لە عێراق تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە بە حەوت ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت و لەم ژمارەیەشدا 20%ـی منداڵن.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی تەندروستی عێراقی رای گەیاند، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لە تەمەنی 19 ساڵی بەسەرەوە لە سەرانسەری عێراق جگە لە كوردستان بە رێژەی 13% زیادی كردووە، روونی كردەوە كە 52%ـی تووشبووان بەو نەخۆشییە نازانن كە شەكرەیان هەیە.

هاوكات بەپێی ئاماری پارساڵی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بێت، ئەوا لە سەرانسەری دنیا نزیكەی 400 ملیۆن كەس دووچاری نەخۆشیی شەكرە بووە و پێشبینیش دەكرێت ژمارەكە بەردەوام روو لە زیادبوون بێت بەهۆی نەدۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی ئەو نەخۆشییە درێژخایانە.

جێی باسە نەتەوە یەكگرتووە لە ساڵی 2007، رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی وەك رۆژی جیهانی نەخۆشیی شەكرە ناساند، هاوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ، لە ساڵی 1980 تا 2018، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لە سەرانسەری دنیا نزیكەی 4% زیادی كردووە، بەجۆرێك ساڵی 1980 بە رێژەی 4.7%ـی دانیشتووانی دنیا نەخۆشی شەكرەیان هەبووە، بەڵام لە 2018 رێژەكە بۆ 8.5% زیادی كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق