پەرلەمانتارێك ئاماژەكانی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا روون دەكاتەوە

:: PM:06:00:14/11/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەكانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسانی حكوومەت و سیاسی كۆبووەوە، پەرلەمانتارێكی پارتی دووپاتی دەكاتەوە سەردانەكە هەڵوێستی هەرێمی لە بەرانبەر خۆپێشاندانەكان و هەمواركردنەوەی دەستوور دیاری كرد.

كورد پاڵپشتی لە عەبدولمەهدی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە دەكات
دوێنێ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای پایەتەختی كرد و چاوی بە هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و نووری مالیكی سەرۆكی حزبی دەعوە و عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كەوت و دۆخی عێراقی لەگەڵ باس كردن.

بەهجەت عەلی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە گوتی، سەردانەكە هەڵوێستی كوردی لەبارەی چەند پرسێكی هەنووكەیی روون كردەوە لەوانە خۆپێشاندانەكانی عێراق كە سەرۆكی هەرێم دووپاتی كردەوە كە هەرێم پاڵپشتی لە داواكاری ئەوان دەكات.

زیاتر گوتی، هەروەها سەردانەكە ئەوەشی روون كردەوە كە هەرێم پاڵپشتی لە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەكات بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەی كە هەیە، چونكە درك بەوە دەكەین كە عەبدولمەهدی گونجاوترین كەسە بۆ ئەو قۆناغەی ئێستە، بۆیە دووپات لە پاڵپشتی نەكردنی لادانی حكوومەتەكەی دەكەینەوە. 

هاوكات سەردانەكە ئەوەی روون كردەوە كە كورد لەگەڵ هەموواركردنەوەی چەند مادەیەكی دەستووری نین، چونكە پێشێلكردنی مافەكانی ئەوانە كە دوای ساڵانێك قوربانیدان لەدژی رژێمی دیكتاتۆری بۆیان فەراهەم كراوە.

وەك ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، هاوكات سەردانەكە تاوتوێی بەردەوامیی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدای كرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرانسەری پێوەست بە دۆخی دارایی و هەناردنی نەوت و دیاریكردنی پشكی كورد لە بودجە و بەردەوامی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دروست نەبوونی كێشە بۆ پێوەندییەكانیان بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل