زانكۆی‌ سلێمانی‌ مێژووی‌ سلێمانی‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌

:: PM:06:03:14/11/2019 ‌
 کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵڕۆژی بنیاتنانی شاری سلێمانی کۆڕێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری لە ژێر ناوی ( سلێمانی کوانوی داهێنان و نوێگەری) ڕێکخست و تیایدا چەندان پانێڵ پێشکەش کرا.

چرۆ شەهاب سەرپەرشتیاری کۆڕە ئەدەبی و هونەریەکە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا و وەك دیاری کردنی شاره‌كه‌ داهێنەری ئەدەب لەلایەن یونسکۆوە لە ڕۆژی جیهانی شاردا، کۆڕێکی هونەری و ئەدەبیمان ڕێکخست و تیاییدا چەندان پانێڵمان خستەڕوو.

مێژووی بابانەکان و ڕۆشنگەری کوردی تاوتوێ كرا
ئاماژەی بەوە دا، لە کۆڕەکەدا پێنج پانێڵ لەلایەن توێژەرانی زمانی کوردییەوە خرایەڕوو، کە تیشکیان خستبووە سەر مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی، هەروەها لە پانێڵی کۆڕە ئەدەبیەکەدا، هەموو بوارەکان خرایەڕوو، هەر لە ڕۆژنامەگەری و داهێنانەکان لە بواری ڕۆشنبیریدا، هەروەها ڕۆڵی مزگەوت و خانەقاکان لە دروستبوونیەوە تا ئێسته‌، هەروەها مێژووی بابانەکان و ڕۆشنگەری کوردی، وە ڕۆڵی بزووتنەوەی ژنان لە گەشەکردنی بواری ڕۆژنامەنووسی لە شاری سلێمانیدا.

31ی مانگی ڕابردوو، لە ڕۆژی جیهانی شاردا، سلێمانی کە پایتەختی ڕۆشنبیرییە وەک داهێنەری بواری ئەدەب لەلایەن یونسکۆوە دەستنیشان کرا، بەبۆنەیەشەوە هەوڵەکان بۆ زیاتر پێشخستنی بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری بەردەوامی هەیە لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆڕ و کۆنفرانسی ئەدەبی و ڕۆشنبیری.

ئەمڕۆ 235 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانی لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان و بەو بۆنەیەوە زنجیرەیەک چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی بەڕێوەچوو.

سلێمانی‌/ ئاریان محه‌مه‌د 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم