چۆن لەگەڵ نەخۆشی شەكرە هەڵدەكەیت

:: PM:08:29:14/11/2019 ‌

نەخۆشی شەكرە لە بڵاوترین نەخۆشییە درێژخایەنەكانە كە كاریگەری كوشندەی هەیە بۆ سەر مرۆڤ، بۆیە هەڵمەتێكی گەورەی هۆشیاركردنەوە لە دژی ئەو نەخۆشییە دەستی پێ كردووە و 14ی نۆڤێمبەری هەموو ساڵێك وەك رۆژی هۆشیاركردنەوەیە لەو نەخۆشییە كە دەكاتە رۆژی لەدایكبوونی فریدریك بانتنج، زانای كەنەدی بەشدار لە دۆزینەوەی چارەسەری ئەنسۆلین لە 1922.

600 ملیۆن كەس بەدەستییەوە دەناڵێنن
بۆ ئەمساڵ یادكردنەوەی ئەو رۆژە بەناونیشانی "خێزان و نەخۆشی شەكرە" یە، بەمەبەستی هۆشیاركردنەوە لە كاریگەری نەخۆشییەكە بۆ سەر خێزان و چۆنیەتی هەڵكردن لەگەڵیدا و خۆپارستن لێوەی و پاڵپشتیكردنی نەخۆشەكان.

سێ جۆر نەخۆشی شەكرە هەن، یەكەمیان ئەوكاتەی لەش توانای بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی نابێت، دووەم كە زۆر بڵاوە و بەرهەمهێنانی ئەنسۆڵین ئاساییە، بەڵام كێشەكە لە بەرگری لەشە دژی كاركردنی و سێیەم پێوەستە بە دووگیانی و دوای منداڵبوون كۆتایی دێت.  

مەترسی شەكرە بەهۆی ئەو كاریگەریانەیە كە دروستی دەكات كە هۆكارە بۆ 60%ی نەخۆشییەكانی پێوەست بە دڵ و لوولەكانی خوێن و بڕینەوەی پەلەكان و لەدەستدانی هەستی بینین یان كزبینی و پەككەوتنی گورچیلە و سڕبوونی هەستە دەمارەكان، بەپێی ئامارەكان لە 2017 ژمارەی تووشبووان بەو نەخۆشییە لە دنیا گەیشتووەتە 600 ملیۆن لەوانە 83 ملیۆنیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. 

سەرەڕای مەترسی نەخۆشییەكە، توێژینەوە نوێیەكان ئاماژە دەكەن كە دەتوانرێت تەنانەت تا دوو ساڵ دوای تووشبوون بەو نەخۆشییە خۆتی لێ رزگار بكەیت لە رێگەی دابەزاندنی كێشی لەش و پێڕەوكردنی سیستەمێكی تەندروستی خۆراك و ئەنجامدانی وەرزشی گونجاو بۆ ماوەی 30 خولەكی رۆژانە و دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و چەوری و شیرینی و رووكردن بەرەو خواردنی زیاتری سەوزە و میوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل