توركیا زیاتر لە 12 هەزار كارمەندی ئاسایش دوور دەخاتەوە

:: PM:04:42:04/10/2016 ‌
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی توركیا دوورخستنەوەی 12 هەزار و 801 كارمەندی ئاسایش كە 2 هەزار و 523یان ئەفسەرن لە كارەكانیان راگەیاند، ئەوەش تا تەواوبوونی لێكۆڵینەوە لەبارەی بوونی پێوەندییان لەگەڵ كودەتاچییەكانەوە.

ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی توركیا لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت لە چوارچێوەی رێوشوێنەكان و لێكۆڵینەوە لە كودەتاكەی تەمووزی رابردوو، 12 هەزار و 801 كارمەندی ئاسایش بەهۆی بوونیان وەك هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامیان لە رێكخراوی سەر بە فەتحوڵا گوڵەن یان پەیوەندییان بەرێكخراوەكەوە هەیە، لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە.

لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە لەناو ئەو كەسانەی كە لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە دوو هەزار و 523 كەسیان پلەی فەرماندەیان هەیە.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی رابردوو كودەتایەكی سەربازی لە ئەنكەرەی پایەتەختی توركیا لەلایەن بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپا رووی دا، بەڵام كودەتاكە شكستی خوارد و حكوومەتی توركیا فەتحوڵا گولەن كارساز و بانگخوازی ئیسلامی توركی كە نەیاری حكوومەتی توركیایە و لە ئەمەریكا نیشتەجێیە لەپشتەوەی كودەتاكەی تۆمەتبار كرد. 

وشە/ئەنادۆڵ-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل