ژماره‌یه‌كى زۆر قوتابی، ساڵانه هه‌وڵى چوونه ده‌ره‌وه ده‌ده‌ن بۆ درێژه‌دان به خوێندنى باڵا له ڕێى نووسینگه‌كانى به‌ده‌ستهێنانى زه‌ماله‌ى خوێندن، به‌ڵام هه‌ندێك خاوه‌ن نووسینگه فێڵیان لێ ده‌كه‌ن. وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هۆشدارى ده‌دات به‌و قوتابیانه به‌وه‌ی بڕونامه‌كانیان یه‌كسان ناكرێ و ماندووبوونیان به فیڕۆ ده‌چێت.
وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا: زانكۆ بڕواپێكراو نه‌بێت بڕوانامه‌ی قوتابی یه‌كسان ناكرێ
ژیلوان قادر بۆ به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر سه‌ردانى نووسینگه‌یه‌كى كردووه تا زه‌ماله‌یه‌كى خوێندنى بۆ به‌ده‌ست بهێنێت له یه‌كێك له وڵاتانى دراوسێى هه‌رێمى كوردستان. به‌گوته‌ى خۆى "جگه له‌وه‌ى نووسینگه‌كه پاره‌ى لێ وه‌رگرتووه و فێڵى لێ كردووه، ئێسته هه‌ر داخراوه و نایاندۆزمه‌وه، چونكه ئه‌و زانكۆیه‌ی بۆیان په‌یدا كردم، باوه‌ڕپێكراو نه‌بوو".
ئه‌و قوتابییه بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، "ئێمه چه‌ند قوتابییه‌ك بووین له ڕێى ریكلامی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌ردانى نووسینگه‌یه‌كمان كرد بۆ ئه‌وه‌ى زه‌ماله‌ى خوێندنمان بۆ به‌ده‌ست بێنێت، كه‌چى دواى وه‌رگرتنى 200 دۆلار له هه‌ر قوتابییه‌ك، ئێسته خاوه‌ن نووسینگه‌كه ژماره‌كه‌ى داخراوه و نووسینگه‌كه‌یش نه‌ماوه".
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، "سه‌ردانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵامان كرد بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیا ببینه‌وه له بوونى زانكۆیه‌كى له‌و شێوه‌یه، بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌و زانكۆیه بوونى هه‌یه، به‌ڵام باوه‌ڕپێكراو نییه و له لیستى زانكۆكانى ددانپێدانراوی كوردستان نییه و ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌كه‌یشمان به‌ده‌ست بهێنایه، یه‌كسان نه‌ده‌كرا، بۆیه هه‌ر باش بوو نه‌چووین".
له كوردستان به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه بووه‌ته مۆدێل، به‌ڵام ئاستی زانستی زۆر له خواره و هیچ به‌رهه‌مێكی داهێنانی زانكۆیی نییه، له‌گه‌ڵیشیدا ژماره‌یه‌ك وڵات بۆ راكێشانی پاره ئاسانكاری ده‌كه‌ن له پێدانی بڕوانامه بێ ده‌وام و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی قوتابییه‌كه.
خاوه‌ن نووسینگه‌یه‌ك جۆره فێڵێك ئاشكرا ده‌كات كه له قوتابیان ده‌كرێت له‌و رووه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، فێڵه‌كه به پیشاندانى لیستى خوێندنى ساڵى 2015ـى زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵایه، له كاتێكدا 45%ی ئه‌و زانكۆیانه ئێسته كه 2019یه له لیستى زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كان نه‌ماون.
سه‌رتیپ ته‌ها بۆ "وشه" گوتی، "ده‌بێ قوتابى زۆر هۆشیارتر بێت، ڕاسته نووسینگه‌كان زه‌ماله‌ى خوێندن به‌ده‌ست دێنن بۆیان، به‌ڵام ده‌بێت سه‌ردانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بكات و خۆیشی گه‌ڕان (سێرچ) بكات بۆ ئاستی زانكۆكه، ئینجا قبوڵی زه‌ماله بكات".
ته‌ها ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه چه‌ندان فێڵ هه‌ن به لیستى كۆنى زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كان له قوتابى ده‌كرێت، له كاتێكدا قوتابى خۆیشى ئه‌گه‌ر تۆزێك تواناى هه‌بێت، ده‌توانێ گه‌ڕانێك بكات و خۆی زه‌ماله‌كه به‌ده‌ست بهێنێت.
سه‌رتیپ ته‌ها جۆری ئه‌و فێڵه‌ی له ژیلوان قادر كرابوو، پشتڕاست ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، "نووسینگه هه‌بووه فێڵى له 30 بۆ 50 قوتابی كردووه و هه‌ریه‌كه‌یان بڕى 500 دۆلارى لێ وه‌رگرتوون و ئێسته نووسینگه‌كه داخراوه".
"پێویسته پۆلیس و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا زیاتر گرنگى به‌و بابه‌ته بده‌ن، قوتابى هه‌یه ئێسته له ئێران و توركیا سه‌رقاڵى خوێندنى باڵایه، به‌ڵام زانكۆكه باوه‌ڕپێكراو نییه و ماندووبوونى دوو ساڵى ئه‌و قوتابییه به‌فیڕۆ ده‌چێت و ده‌بێته قوربانى فێڵى خاوه‌ن نووسینگه‌كان و بڕوانامه‌كه‌یشی له كوردستان كاری پێ ناكرێ" ته‌ها واى گوت.
به‌پێى به‌دواچوونێكى "وشه"، ئێسته زیاتر له هه‌زار و 200 قوتابى كوردستان له ده‌ره‌وه سه‌رقاڵى خوێندنى باڵان، له‌و ژماره‌یه به‌شێكیان له‌و زانكۆیانه ده‌خوێنن كه باوه‌ڕپێكراو نین، به‌تایبه‌ت ئه‌و زانكۆیانه‌ى له وڵاتانى توركیا و ئێران و قوبرسن.
له به‌رانبه‌ردا وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هۆشدارى به قوتابیان ده‌دات كه له زانكۆی ددان پێدانه‌نراو بخوێنن، ماندووبوونیان به‌فیڕۆ ده‌چێت و بڕوانامه‌كانیان یه‌كسان ناكرێت.
عه‌باس ئه‌كره‌م گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه، بۆ "وشه" ئاشكراى كرد، "قوتابیان پێش ئه‌وه‌ى بچن زه‌ماله‌ى خوێندن به‌ده‌ست بێنن، پێویسته سه‌ره‌تا سه‌ردانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بكه‌ن یان سه‌ردانى سایتى وه‌زاره‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیابن له‌و شوێنه‌ى ده‌ست به خوێندن ده‌كه‌ن، باوه‌ڕپێكراوه".
ئاماژه‌ی دا، "ئه‌و نووسینگانه سه‌ربه وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا نین تا قوتابى وا هه‌ست بكات له‌لایه‌ن ئێمه‌وه متمانه‌یان پێ دراوه، به‌ڵكو قوتابی ده‌بێت خۆى زانكۆ دیارى بكات، ئه‌گه‌ر بۆ هاوكاریكردن بێت سه‌ردانى ئه‌و نووسینگانه بكات".
"چه‌ندان جار قوتابیانمان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه تا به‌پێى لیستى زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كان زانكۆ هه‌ڵبژێرن، تا ئه‌و زانكۆیه‌ى تێیدا بڕوانامه به‌ده‌ست دێنن، له دنیادا له پێشه‌وه بێت و بڕوانامه‌ى ئه‌و كه‌سه یه‌كسانكردنى بۆ بكرێت" ئه‌كره‌م واى گوت.