لەبارەی فڕێدانی ژنێك لە هەولێر ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:08:42:16/11/2019 ‌
دەنگۆی فڕێدانی ژنێك لە هەولێر بڵاو دەبێتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكیش ئاشكرای دەكات، ئەو ژنە سواڵ دەكات و چەندان جار براوە بۆ خانەی بەساڵاچووان، كەچی ڕازی نابێت.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی تشرینی دووەم، لە روونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر هاتووە، شەوی ڕابردوو 15 تشرینی دووەمی 2019، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەناڵێكی ڕاگەیاندن بڵاو كرایەوە، بەساڵاچوویەك بەناوی "عەیشێ" فڕێ دراوە لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر.

ماڵی بەساڵاچووانی لەسەر داوای خۆی بەجێهێشت 
باس لەوە كراوە، ئەو ژنە پێشتر هێنرایە ماڵی بەساڵاچووان، بەڵام دوای دوو مانگ ماڵی بەساڵاچووانی لەسەر داوای خۆی بەجێهێشت، هەروەها دواتر بۆ جاری دووەم لە لایەن تیمی ماڵی بەساڵاچووان جارێكی تر هێنرایەوە بۆ ماڵی بەساڵاچووان، بەڵام جارێكی تر دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار مانگ ماڵی بەساڵاچووانی جێهێشت.

ڕوون كراوەتەوە، بەداخەوە ئەو ژنە بەساڵاچووە فێری سواڵكردن بووە و دەیەوێ بۆ سواڵكردن بچێتە دەرەوەی خانەی بەساڵاچووان و دواتر بگەڕێتەوە، ئەوەیش لەگەڵ ڕێنوێنییەكان ناگونجێت و هەموو كاتێك كێشەی ئەوەی هەبوو لەگەڵ فەرمانبەرانمان كە ڕێیان پێ نەداوە سواڵ بكات.

ئاشكرا كراوە، وەك ئەركێكی مرۆیی بۆ جاری سێیەم هێنرایە ماڵی بەساڵاچووان بەر لە پێنج مانگ بەبێ پرس ماڵی بەساڵاچووانی جێهێشت، هەروەها سەعات 10ی ئەمشەو دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی فڕێدانی ژنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، جارێكی تر لەلایەن تیمێكی ماڵی بەساڵاچووان ئەو ژنە گەڕێنرایەوە ماڵی بەساڵاچووان.



وشە - رامیار جەواد