كاتی هاتنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرابوو

:: PM:03:10:16/11/2019 ‌
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، مانگانە حكوومەتی عێراق بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بۆ ئەو مانگەش سبەی پارەكە دەگاتە هەولێر.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی تشرینی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتووە، سبەی حكوومەتی عێراق بڕە پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.
لەو هەفتەیە دابەشكردنی مووچە خێرا دەبێت 
لە زانیارییەكان ئاشكرا كراوە، سبەی پارەكە بەڕێ دەكرێت و ئێوارەكەی دەگاتە هەرێمی كوردستان و لەو هەفتەیە دابەشكردنی مووچە خێرا دەبێت، ئەوەیش دوای دابەشكردن و گواستنەوەی پارەكە بۆ سەرجەم بانكی شار و شارۆكەكان.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوای تەنگژەی دارایی پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد