له رۆژی جیهانی لێبورده‌ییدا، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی پێكهاته ئاینییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 16ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شانده‌كه له نوێنه‌ری ئاینه‌كانی ئیسلام، مه‌سیحی، ئێزیدی، كاكه‌یی، زه‌رده‌شتی، سابیئه‌ی مه‌ندایی و به‌هائی پێكهاتبوون، گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاینی و لێبورده‌یی له هه‌رێمی كوردستان كرا.
ئاینه‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤه بۆ رێی راست
وه‌ك له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئاینه‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤه بۆ رێی راست. گوتی "یه‌كێك له رووه گه‌شه‌كانی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان كه هه‌میشه مایه‌ی شانازی ئێمه و ستایشی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه، ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و ته‌باییه‌یه كه له نێوان پێكهاته ئاینییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه".
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه كوردستان نیشتمان و ماڵی هه‌موومانه و پێویسته هه‌موومان كار له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی هزری میانه‌ڕه‌وی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان له هه‌رێمی كورستان بكه‌ین و هه‌موو رۆژێكمان رۆژی به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی بێت.