حاكم ئازاد وردەكاریی كۆنگرەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاشكرا دەكات

:: PM:08:36:16/11/2019 ‌
دوای هەشت ساڵ لە دواكەوتنی، ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی چوارەمین كۆنگرەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەست پێ دەكات. حاكم ئازاد دەڵێ، كۆنگرەكە لە ٢٠٢٠ دەبەسترێ، یەكێك لە پرسە هەرە گرنگەكانیش كە لەم كۆنگرەیە تاوتوێ دەكرێت، ژمارەی زۆری ئەندامانی سەندیكایە، هاوكات دەستكاری پەیكەری سەندیكا و ریفۆڕمی یاسای سەندیكا و كاری رۆژنامەگەری و خانەنشینی دیارترین پرسی ناو كۆنگرە دەبن.

ئەمڕۆ شەموو 16ی تشرینی دووەم، بە بەشداریی لق و نووسینگەكانی، ئەنجوومەنی گشتی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كۆنفراسی یەكەمی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی لە شاری هەولێر گرێدا. 
 حاكم ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا كە كۆنفراسەكە ئامانج لێی دەستنیشانكردنی نەخشە رێگایەك بوو بۆ بەستنی كۆنگرە لە ساڵی داهاتوودا، هەموویشی بۆ ئەوەیە سەندیكا بتوانێت كۆنگرەیەكی باش ئەنجام بدات.
"كۆنگرەكە دوو لایەنی هەیە، لایەنێكی پێوەندی بە سەندیكا خۆیەوە هەیە لە بارەی پەیكەری سەندیكا و جۆری ئەنجامدانی كۆنفراس و كۆنگرە و وەرگرتنی ئەندامان، لایەنی دووەمی ریفۆڕمی یاسای سەندیكا و یاسای رۆژنامەگەری و باسكردنی یاسای خانەنشینی لەناو كۆنگرە تا لە داهاتوودا ببێتە پڕۆژە لەناو پەرلەمانی كوردستان". ئازاد حەمەدەمین وای گوت، ئەوەیشی خستەڕوو پرسی هەرە گرنگ كە تاوتوێ دەكرێت لەو هەشت هەزار ئەندامەی سەندیكا كامانەن ئەو رۆژنامەنووسانەی بەشداری لە كۆنگرەكە دەكەن.

تاوتوێى ژمارەی زۆری ئەندامانی سەندیكا، دەستكاری پەیكەری سەندیكا و ریفۆڕمی یاسای سەندیكا و كاری رۆژنامەگەری و خانەنشینی دیارترین پرسی ناو كۆنگرە دەبن.


كۆنفراسی یەكەمی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە سەعات 10ـی بەیانی ئەمڕۆ تا شەشی ئێوارە بەردەوامی هەبوو، نەقیبی سەندیكاش دەڵێ، كەی هەڵبژاردنی لیژنەكان و ئەندامانی كۆنگرە تەواو بوون، ئەوكات ئەنجوومەنی سەندیكا بڕیار لەسەر كاتێك دەدات بۆ بەستنی كۆنگرە، گوتی "سەندیكا هەشت هەزار ئەندامی هەیە، دەبێت بزانین چەندیان لەوانە مافی هەیە بەشداری لە كۆنگرە بكات، بۆ نمونە لە رابردوودا بۆ هەر ئەندامێكی كۆنگرە 25 دەنگی پێویست بوو، بەڵام ئێستە ژمارەی ئەندامان زیادی كردووە، كەواتە دەبێت قسەی لەسەر بكرێت"، زیاتر گوتی "لە كۆنفراسەكە باسی ئەوەم كرد حەقە ئەو كۆنگرەیە، كۆنگرە فەرمانبەران نەبێت، ئەوانەی فەرمانبەرن و رۆژنامەنووسن، حەقە كۆنگرەی ئەوانە بێت كە بە كردەیی كاری رۆژنامەوانی دەكەن و فەرمانبەر نین، بە رۆژنامەنووسی دەژین و رۆژنامەنووسی راستەقینەن، چونكە ئەوانە پێیان وایە سەندیكا جێگەی دابەشكردنی زەوییە، ئەوانە لە بنەڕەتدا خەمی رۆژنامەنووسییان نییە و حەقە لەم كۆنگرەیەدا تاوتوێی ئەو پرسەش بكرێت".

پێوەند بە ئەندامانی كۆنگرە، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە ماوەی رابردوودا لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی ئەندامانی كردووە و داوای لێكردوون پابەندبن بە ئابوونەی ساڵانە و پێنجی مانگی داهاتوویشی وەك دوا وادە دەستنیشان كردووە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی ئابوونە نەدەن ئەوا مافی ئەندامیەتییان لێ وەردەگیردرێتەوە.
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێ، رەنگە مۆڵەتێكی تریش بدەین، چونكە ئەوەی پێنجی كانوونی یەكەم قۆناغی یەكەم دەبێت، لە سەرەتای ساڵی نوێ قۆناغی دووەم رادەگەیەنین، زیاتر گوتی "پێش بڕیاری كۆنگرە دەبێت ژمارەیەكمان لەبەر دەست بێت تا بیكەین بە بنەما كە ئەوەندە رۆژنامەنووسە هەن و هەر ئەندامێكی كۆنگرەش دەبێت هێندە دەنگە بەدەست بێنێت بۆ بوونە ئەندامی كۆنگرە".

بە رای ئازاد حەمەدەئەمین، یەكێك لە كێشەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، ئەندام نەبوونی سەرۆكی لق و نووسینگەكانە لە ئەنجوومەنی سەندیكا، پێی وایە دەبێت ئەو پرسەش چارەسەر بكەن و ئەوان ئەندامی ئەنجوومەن بن، تا بڕیارەكانی ئەنجوومەن خێراتر جێبەجێ بكرێت، گوتی "ئەگەر ئەو بڕیارە بدەین، ئەوا رووبەڕووی ئەوەمان دەكاتەوە سەرەتا هەڵبژاردنی لق و نووسینگەكان بكەین، واتە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، یان هەر لە سەرەوە بۆ خوارەوە، واتە ئەنجوومەن هەڵبژێدرێت و پاشان لق و نووسینگەكان".

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (40)ـی ساڵی 2004، هەمواری ئەكەمی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی (1998) دامەزراوە.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان شەش لق و سێ نووسینگەی هەیە، ئەوانیش لقی هەولێر، سلێمانی، كەركووك، دهۆك، مووسڵ، بەغدا. هەروەها نووسینگەی گەرمیان، خانەقین و سۆران. 
هاوكات سەندیكای رۆژنامەنووسان پێنج لیژنەی هەیە، ئەوانیش لیژنەكانی بەرزەفت، چاودێری، داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی، رۆژنامەنووسانی وەرزشی، رۆژنامەنووسانی خانمان.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كۆنگرەی دامەزراندنی لە رۆژانی (27-28-29)ـی كانوونی یەكەمی 1998، لە هۆڵی میدیا، بە ئامادەبوونی 456 ئەندام بەست. هاوكات كۆنگرەی دووەمی لە (30-31)ـی كانوونی دووەمی 2001، لە هۆڵی میدیا لە هەولێر بە ئامادەبوونی 500 ئەندام بەست، هاودەم   یەكێتیی رۆژنامەنووسانی كوردستان لە سلێمانی یەكەم گۆنگرەی لە 22ـی نیسانی 2001 گرێدا.
دوای ئەو كۆنگرەیە، لە رۆژانی (13- 14- 15)ـی كانوونی یەكەمی 2003، لە هۆڵی میدیا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی 475 ئەندام، كۆنگرەی یەكگرتنەوە، كۆنگرەی یەكەمی بەست. دوای چوار ساڵ، لە رۆژانی (27-28-29)ـی كانوونی یەكەمی 2007 لە هۆڵی رۆشنبیری شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی 363 ئەندام، كۆنگرەی دووەمی بەست و لە رۆژانی (21-22-23)ـی تەمووزی 2011 لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر بە ئامادەبوونی 396 ئەندام، كۆنگرەی سێیەمی بەست و تا ئێستە زیاتر لە حەوت ساڵ بەسەر وادەی كۆنگرە تێپەڕیوە، سەندیكای رۆژنامەنووسی كوردستان كۆنگرەی چوارەمی نەبەستووە. 



وشە - فه‌رمان سادق