عێراق.. پڕۆژە یاسای هەڵبژاردن رەوانەی لیژنەی یاسایی دەكرێت

:: PM:10:18:16/11/2019 ‌

ئەمڕۆ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانی لە عێراق رەوانەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان كرد بۆ وەرگرتنی رێوشوێنە یاساییەكان و خستنی بۆ ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی.

هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردن خێراتر دەبێت
هەینی رابردوو مەرجەعیەتی باڵای نەجەف داوای دەركردنی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و گۆڕینی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كرد بە كەسانی پاك، ئەوەش لەسەر داوای خۆپێشاندەران كە داوای هەڵبژاردنێكی پاك دوور لە پارتە سیاسییەكانی ئێستە دەكەن.

عەباس علێوی، پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەوە دەڵێت، ئەو گۆڕانكاریانەی سەرۆكایەتی كۆمار و حكوومەت لە یاسای هەڵبژاردنیان كردووە 50%ی یاسای كۆنی تێپەڕ نەكردووە، بۆیە پێویستە نوێنەری خۆپێشاندەران و كەسانی سیاسی بێلایەن و لە هەموواركردنەكە لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمان بەشداری بكەن.

سەبارەت بە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كە رەشنووسی هەمواركردنەكەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دراوەتە پەرلەمان لە شوێنی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007، بەپێی پڕۆژەكە كۆمسیۆنی باڵا لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەرایەتی هەڵیژاردن پێك دێت، كە ئەنجوومەنەكە لە حەوت ئەندام پێكهاتووە سێیانیان دادوەرن، دوویان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و سێیەم لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم دەبێت، جیا لە راوێژكارێك ئەنجوومەنی دەوڵەت كاندیدی دەكات و دوو مامۆستای زانكۆ و و ژمێریارێكی یاسایی ژن كە دیوانی چاودێری یاسایی كاندیدی دەكات.

پڕۆژەكە مەرجی داناوە بەوەی كاندید بۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران عێراقی بێت و بەبەردەوام لە عێراق بێت و لە رووی سیاسییەوە سەربەخۆ بێت و یاسای لێپرسینەوە نەیگرێتەوە، ئەوان چوار ساڵی بێ درێژكرنەوە كار دەكەن لەوكاتەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژاردن پێنج ساڵە و دەتوانرێت یەك ساڵی بۆ درێژ بكرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل