پەرلەمانتارێك: یاسای بیمەی تەندروستی عێراق هەرێمیش دەگرێتەوە

:: PM:11:19:16/11/2019 ‌

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق زۆرینەی مادەكانی پڕۆژە یاسای دڵنیایی تەندروستی پەسەند كرد كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستانە، ئەندامێكی لیژنەی تەندروستیش روونی كردەوە كە یاساكە بۆ هەرێمی كوردستانیشە، بەڵام دەبێ كاری لەسەر بكرێت و بەپێی یاساكە وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانە ئەهلی و حكوومییەكان تێچوویەكی كەم لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت.

هاووڵاتییانی عێراق و هەرێم دەتوانن لە شەش مانگدا ببنە خاوەنی
ئەمڕۆ شەموو میران محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند كە لە ماوەی رابردوو پڕۆژە یاسایەكیان ئامادە كردبوو لە بارەی دڵنیایی تەندروستییەوە، واتە بیمەی تەندروستی، كە زیاتر لە 20 مادەی لەخۆ گرتبوو و سەرجەمیان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بوو.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی عێراق بەشێی زۆری مادەكانی ئەو پڕۆژەیە پەسەند كرا و بەپێی یاساكە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەتوانن لەماوەی شەش مانگدا ببنە خاوەنی بیمەی تەندروستی، كە ئەمە بەتەواوی پڕۆژەیەكە لە خزمەت هاووڵاتییانەو هاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرێت بۆ كاری نەخۆشخانە و كەرتی تەندروستی.

محەمەد روونی كردەوە، بەگوێرەی یاساكە زۆری تێچووەكانی چارەسەر لە نەخۆشخانە حكوومییەكان و ئەهلییەكانیش دابین دەكرێت، پڕۆژەكە بۆ ئەوەیە خەرجی زۆری چارەسەر كەم بكاتەوە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان پێش بخات، بەتایبەتی بەپێی یاساكە حكوومەت بڕە پارەیەك لە داهاتی گشتی دەخاتە ئەو بیمەیەوە، هەروەها بۆ هەردوو كەرتی حكوومی و ئەهلی دەبێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی روونی كردەوە دوای شەش مانگ لە پەسەندكردنی پڕۆژەكە دەستەكە دروست دەكرێت و دەست بە تۆماركردنی هاووڵاتیان دەكرێ بۆ بیمەی تەندروستی، لە هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە دەستەیەكی بۆ دروست دەكرێ و فەرمانبەران بەپێی پلەكانیان بڕە پارەیەكیان لێ وەردەگیرێ و هاووڵاتییانی كاسبكاریش بەپێی كارەكانیان پارەیان لێ وەردەگیرێت و لە ماوەی شەش ساڵدا تەواوی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێم دەرگرێتەوە و دواتر حكوومەت لە بودجە پارەی بۆ تەرخان دەكات و سندووقی تایبەتی بۆ تەرخان دەكات و كاتێك هاووڵاتی بووە خاوەنی ئەو بیمەیە لە نەخۆشخانە ئەهلی و حكوومییەكان چارەسەر بە نیوە و تێچوویەكی كەم وەردەگرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل