ئاوێزان عوسمان: بەشێكی زۆری هونەرەكەم بۆ كێشەكانی ژن تەرخان كردووە

:: AM:09:14:17/11/2019 ‌

ئاوێزان عوسمان هونەرمەندی شێوەكار لە سلێمانی، لە منداڵییەوە خولیای هونەری شێوەكاری بووە. خۆی دەڵێ، ئەزموونی خوێندنەوەی زیاترە لە كاری هونەری و پێی وایە هەر كەسێك كارێك ئەنجام دەدات پێش ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە، پێویستە خۆی بناسێت.

ئاوێزان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لە ژیانمدا هەمیشە پرسیارم هەبووە، ئەویش بەهۆی زۆر خوێندنەوەم بووە، بەڵام چانسی ئەوەم نەبووە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان وەربگیرێم، بۆیە بڕیارم دا بەبێ ئەكادیمیا لە هونەری شێوەكاریدا بەردەوام بم.

زیاتر گوتی، سەرەتا بە سكێچ و كێشانی وێنەی سروشت دەستم پێ كرد، لە هەندێك ڕێبازی هونەری كارم كرد وەك ئەبستراكت و كاری كیوبیستی و ڕیالیزم و ڕۆمانتیك و سووریالی، ئارەزووم لە نیگاركێشی واتادار بوو، شێوازی سووریالی بە ئازادیی زیاتر لە توانای گوزارشتكردندا سەرسامی كردم و سەرنجی بەلای خۆیدا ڕاكێشام و هەستم بە تەبابوون و نزیكبوونەوە دەكرد.
شێوازی سووریالیزم جۆرە دەربڕینێكم پێ دەبەخشێت كە ئازادییەكی تەواوە لە توانای دەربڕین

"ئەم جۆرە ئیشكردنە بۆ من ئاسان بوو لە بەرفراوانی لە تواناكانی دەربڕیندا، شێوازی سووریالیزم جۆرە دەربڕینێكم پێ دەبەخشێت كە ئازادییەكی تەواو لە توانای دەربڕین و مامەڵە لەگەڵ فۆڕم و ڕەنگ و توانا تەكنیكییەكانی تردا تێدایە" ئاوێزان وای گوت.

ئاماژەی بەوەیش دا، "من لە تابلۆی حەقیقەتەوە هاتووم، حەقیقەتێكی شێوێنراوی پڕ لە لوغزم لەسەر لاشەی كون كونی واقیعدا ڕواندووە، وەك چۆن لە شیعردا دەڵێن واتای شیعر لە دڵی شاعیردایە، بە هەمانشێوە شیكردنەوەی ئەم تابلۆیانە بۆ بینەر بەجێ دێڵم، چونكە یەكەم نهێنی جوانی سووریالییەت لە تەمومژەكەیدایە، تابلۆی سووریالی بێ سنوور واتا هەڵدەگرێ ئەگەر زیاتر بچمە ناو قووڵاییەكەی، ئەوكات لوغزی جوانییەكەی ون دەكات".

ئەم شێوەكارە بە تابلۆكانی باس لە ژن و كێشەكانیان دەكات و دەڵێ، "چەند كارێكم بۆ ژن كردووە، چونكە پێش هەر ژنێك دایكم ژنە كە هەرگیز وەك ژنێك سەیرم نەكردووە، بگرە وەك فریشتەیەك دەیبینم، ئیتر چۆن بەشێك لە هونەرەكەم نابێتە ژن و كێشە و گرفتەكانی ژن". 
ئەوەیشی گوت، ئەوەی هونەری شێوەكاری لای من جوانتر كردووە، هەندێك شت هەن كە من ناتوانم وەك تاكێكی كۆمەڵگەكەم دەری ببڕم، بەڵام بە كارەكانم دەتوانم ئەوەی بمەوێت بیڵێم، هونەر شتێكە لەگەڵ كەسەكان گەشە دەكات و بەشێكە لە خولیای مرۆڤەكان، مەرج نییە ئەگەر كەسێك ناوەندێكی هونەری تەواو نەكات، نەتوانێ كاری ناوازە بكات.

وشە/هەولێر-گەرمیان گلی 















وشە - وشه‌