هەنگاوی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە پێشڕەوی هێزەكانی پێشمەرگە لە دەوروبەری خازر دەستی پێكرد. سەرچاوەكانی سەربازی دووپات لەوە دەكەنەوە، رێنوێنییەكانی بارزانی، پلانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش تۆكمەتر دەكات.
رێكەوتی 12ی نیسانی 2016 وەك وادەی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر مووسڵ لە رێگەی بەكارهێنانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و بەغدا دەستنیشان كرا، بەڵام دووریی هەردوو فڕۆكەخانەكە لە ناوەندی مووسڵ، وای كرد هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پلانەكانیدا بچێتەوە و بۆ ئەوەش پشتیان بە رێنوێنییەكانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەست.
مایكڵ فالۆن وەزیر بەرگریی بەریتانیا لە 23ی ئەیلوولی 2016دا رای گەیاند، ئەو رۆژە 23ی ئەیلوول/ دوایین وادەی پێداچوونەوەی پلانەكان بوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ كە هاوكاتی ئەو رێكەوتە هەواڵی كۆبوونەوە و سەردانی شاندی هەرێم لە چەند رۆژی پێشتر بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و دواتر سەردانی شاندێكی تری هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی بۆ كۆتاهێنان و واژووكردنی رێككەوتنی ئازادكردنی مووسڵ".
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكەنەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر هەموو وردەكارییەكانی پێوەست بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ رێك كەوتوون، خاڵەكانی هێرشكردن و بەشداریی هێزەكان بەگشتی یەكلا كراوەتەوە.
لیوا عەدنان كاستی فەرماندەی هێزەكانی پاڵپشتی سوپای عێراق بە"وشە"ی راگەیاند "ئێمە پێویستی زۆرمان بە ناوچەیەكی ئارام هەبوو بۆ خۆئامادەكردن بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ، لە سەرەتادا فڕۆكەخانەی هەولێر و بەغدا بۆ گواستنەوەی كەلوپەلی سەربازی دیاری كرا، بەڵام دواتر ئاگەدار كراینەوە كە بە ئازادكردنی شارۆكەی گەیارە و لە ماوەی 10 رۆژدا لەسەر داوای فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە، دەتوانرێت سوود لەو پێگەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ وەربگیرێت".
ئەو بەرپرسەی سوپای عێراق دەڵێ، "راوێژكارە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەولێرن و لە هەولێرەوە پلانی ئازادكردنەوەی مووسڵ جێبەجێ دەكرێت".
ژووری هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لە هەولێرە، ئەوەش وای كردووە بەردەوام شاندەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغداوە سەردانی هەولێر بكەن.
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆی شەش رێگەی سەرەكی بۆ پێشڕەوی بەرەو شاری مووسڵ، پێنج رێگەیان كۆنتڕۆڵ كردووە، ئەوەش وا دەكات لەرووی سەربازییەوە پێشمەرگە پێگەیەكی كاریگەری لە شەڕی مووسڵدا هەبێت، هەر بەهۆی ئەو رێگە و پێگەیەشەوە، هێزەكانی پێشمەرگە یەكەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنەكەیان لە ئەستۆ گرت.
فەرماندەكەی سوپای عێراق زیاتر دەڵێ، "كاتێك گەیارە ئازاد كرا، لە هەڵەیەكی گەورە بە ئاگا هاتینەوە كە دەبوو لە دووریی 300 كیلۆمەتر لە مووسڵ، لە فڕۆكەخانەی بەغدا و هەولێر كەلوپەلی سەربازی بگوازینەوە، بەڵام ئێستە تەنیا 60كم لە ناوەندی شاری مووسڵ دوورین، لە كاتێكدا كە لە هەرێمی كوردستانەوە تەنیا 30كم لە شاری مووسڵەوە دوورین و ئەوەش پرۆسەكەی زۆر ئاسان كردووە".
هەر ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی یەكەمی 2016، فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە كە چوار هەزار پێشمەرگەی كوردستان بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا كردووە.
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعش، توانیان بچنە ناو چەند گوندێكی ژێر دەستی داعش، ئێستە پێشڕەوییەكان بەردەوامن و لە چەند میحوەردا هێڵەكانی بەرگری داعش تێك شكێنراون، بەرپرسانی پێشمەرگە دڵنیایی لەوە دەدەن سەركەوتنی گەورە بەدەست دێنن و پلانەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.