باڵێكی تر لەناو یەكێتی ڕاگەیەنرا

:: PM:03:51:17/11/2019 ‌
گرووپی شەرارە چوونیان بۆ ناوەند و پاڵپشتی ناوەندی ناوك ئاشكرا دەكەن و بەردەوامی خۆیان دژی كۆمەڵێك بازرگانی ناو یەكێتی ڕادەگەیەنن و داوای كۆنگرەیەكی بێ‌ غەلوغەش دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی ناوەندی هەڵوەشاوەی شەرارە هاتووە، پێشتر ناوەندی شەرارە ڕاگەیەنرا بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی دروست و بێ غەلوغەش، بەڵام بەهۆی هەندێك گوشار و هەڕەشە كە لەسەر كادرەكانی دروست بوو، لەلایەن هەندێك باڵ و دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی، ناچار لە 28-10-2019، دەستەكە هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وەستانی كاروچالاكییەكانی راگەیاند.

یەكێتی هێشتا لەدەست كۆمەڵێك بزنسمان و خاكفرۆش و گەندەڵكاری بێباكدایە
ڕوونیان كردووەتەوە، ئێمە كە زۆرینەی كادرانی ئەو دەستە هەڵوەشاوە پێكدێنین، لە ڕوانگەی قەناعەتمان كە یەكێتی هێشتا لەدەست كۆمەڵێك بزنسمان و خاكفرۆش و گەندەڵكاری بێباكدایە و كەسی دڵسۆز لە دەستڕۆیشتووانی ناو حزبەكە بەدی ناكرێن، بۆیە بەپێویستمان زانی پێوەندیی بكەین بە ریزەكانی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی-ناوك.

ئەو ناوەندە ئاشكرای كردووە، ئێستە باشترین رەوت و ئاراستەی ناو حزبن، كە بۆ دادپەروەری و ئامانجی نیشتمانی و بنەبڕكردنی گەندەڵی و دیاردەی بنەماڵەگەری تێدەكۆشێت.

"لە كۆنفڕانسەكانی رێكخستنەكاندا بۆ كۆنگرە، دەنگ بدەن بەو كادرانەی كەسەر بەڕەوتی ناوكن، چونكە كەسانی پاك و دڵسۆز و دیاری ناو یەكێتیی پێك دەهێنن". لە ڕاگەیەنراوەكە وا هاتووە.




وشە - رامیار جەواد