دوای ماوهیهكی درێژ له چاوهرهڕوانی، بڕیارە سبەی دووشەم، نووسینگەی پاسپۆرت لە شارۆکەی سۆران، سەر بە پارێزگەی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەم 17ی تشرینی دووەم/ نۆڤهمبهر، ناسر هەركی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به "وشە"ی راگەیاند" دوای هەوڵێكی زۆر و بە لەبەرچاوگرتنی دووریی ناوچەكە و زۆریی رێژەی دانیشتووانی هەر چوار شارۆكەی سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز، توانیمان رەزامەندیی وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵی بە كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە سەنتەری سۆران وەربگرین.
زیاتر روونی دەكاتەوە، بە شێوەی مەیدانی سەردانی سۆرانمان كردووە و لەگەڵ یەكەی ئیداری ناوچەكە شوێنێكی تایبەتمان بۆ پاسپۆرت و راییكردنی هاووڵاتییان دابین كردووە و خۆشبەختانە سەرجەم کارەکان و ئامادەکارییەکان بە کۆتایی هاتووە.
ئەو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، بە كردنەوەی نووسینگەكە هاووڵاتییان و خەڵكی دەڤەری سۆران كارئاسانیی باشیان بۆ دروست دەبێت و هەموو كارەكانی تایبەت بە پاسپۆرت لە سۆران ئەنجام دەدەن.
بڕیارە لە سۆران نووسینەگەی پاسپۆڕت بکرێتەوە
بەپێی ئاماری پاسپۆرتی هەولێر، رۆژانە نزیكەی هەزار هاووڵاتیی دەڤەری سۆران بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت و نوێكردنەوە روو لە شاری هەولێر دەكەن و ئەمەش سەرباری ئەوەی جەنجاڵی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكان دروست كردووە، لە هەمان کات هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرەی تووشی گرفتی هاتوچۆ و خەرج کردنی پارەی زیاتر كردووە.
لای خۆشیەوە، کرمانج عزەت قایمقامی سۆران بۆ " وشە" ئاشکرای کرد" لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی رابردوو شاندێكی بەغدا بە هاوئاهەنگی لیژنەی پاسپۆڕتی هەولێر سەردانی سنوورەكەیان كرد و دەستمان كرد بە ئامادەكارییەكانی كردنەوەی نووسینگەكە.
قایمقامی سۆران دەڵێت، دووای ئامادەكاری و دابینكردنی پێداویستی، هەروەها دابینكردنی فەرمانبەر و ستافێك و گواستنەوەیان لە شوێنەكانی وەك رەگەزنامە، كارتی زانیاری، نشینگە، سبهی دووشهم نوسینگهی پاسپۆڕتی سۆران ، دوای تهواو بوونی ههموو پێداویستیهكانی له ڕێوڕهسمێكدا به فهرمی دهكرێتهوه كه دهرهێنانی پاسپۆڕت و نوێ كردنهوه له خۆ دهگرێت بۆ سنوری ههرچوار شارۆکەی سۆران و مێرگهسۆر و ڕواندز و چۆمانە.
زیاتر گوتی، لەمەودووا هاووڵاتییان پێویست ناکا روو لە هەولێر بکەن و سەرجەم کارەکانی تایبەت بە پاسەپۆڕت لە سۆران بۆ ئەنجام دەدرێت.
شارۆكەی سۆران لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و بەدووریی 110 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ناوەندی سێ شارۆكەیە و رێژەی دانیشتووانی زیاتر لە 300 هەزار كەس دەبێت.
سۆران /موڕشید برادۆستی