ئێران.. خۆپێشاندان 100 ناوچەی گرتووەتەوە

:: PM:09:12:17/11/2019 ‌

لە سێیەم رۆژی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی ئێران بەهۆی زیادكردنی نرخی بەنزین لەو وڵاتە، خۆپێشاندانی جەماوەری 100 ناوچەی گرتووەتەوە و ئەوان رێگە و شەقام و بازاڕەكانیان داخستووە، جیا لەوەی هوتاف لەدژی رژێمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەڵێنەوە.

هاوكات دەسەڵاتدارانی ئێران جیا لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و گرتنی خەڵك، پەنایان بۆ رەوانەكردنی پەیامی مۆبایل و هەڕەشەكردن لەوانەی لە رۆژانی رابردوو خۆپێشاندانیان كردووە بەوەی وێنەی ئەوان تۆمار كراوە و لەكاتی بەردەوامیان دەیانگرن، لەوكاتەی هێزە تایبەتەكان لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە ناوەڕاستی تاران رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە و لە شیراز گولەیان بۆ ئاسمان هاوێشتووە بۆ ترساندنی خەڵكەكە. 
ئاگری ناڕەزایەتی زیانە ئابوورییەكانی ئێران زیاتر دەكات
خۆپێشاندانەكان ئێستە گەیشتووەتە 100 شار و ناوچەی ئێران هەر لە تارانی پایەتەخت و ئەسفەهان و جورجان و شیراز و كرماشان و كرمسار و تەبریز و مەشهەد و كەرەج و شەهریار و هیتریش، لەوكاتەی هێڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتە پچڕاوە، لە ئەسفەهان كەسێك كوژراوە و سێ كەسیش بریندارن، لەوكاتەی دوێنێ 10 كەس كوژران و 18ی تر بریندار بوون لە خۆپێشاندانەكانی ئەو وڵاتە. 

بەپێی زانیارییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ژمارەی خۆپێشاندەران گەیشتووەتە 90 هەزار كەس و تا دێت قەبارە ناڕەزایەتییەكان فرەوانتر دەبێت و تا ئێستە دەیان بانك و سەنتەری بازرگانی كراونەتە ئامانج، ئاژانسی "میهر"، ئاماژە دەكات كە زیاتر لە هەزار شار و شارۆكەی ئەو وڵاتە لە 100 ناوچە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجام داوە و ژمارەی بەشداران لە نێوان 50-150 هەزار كەس دەبێت.  

لە هەینی رابردووەوە گەڕێكی نوێی خۆپێشاندانەكان ژمارەیەك شار و شارۆكەی ئێران بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن حكوومەتی ئەو وڵاتە گرتەوە، بەپێی دوا زانیارییەكان داوای لێپرسینەوە لە حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران كراوە و پەرلەمانتارێكیش دەستی لەكار كێشاوەتەوە و گرتنی ناڕەزایەتیكاران بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل