یەكێك لە پێكهاتەكانی چەرەزات بندقە، بەڵام زۆربەی كەس نایخۆن، چونكە بەها خۆراكی و سوودە تەندروستییەكانی ڕەنگە نەزانن، بەڵام كاتێك گرنگی ئەو خواردنەت بۆ دەردەكەوێ، ئەوكات دەزانی بۆچی زیاتر لە 70%ی بندقی هەموو دنیا، لەلایەن كۆمپانیای "نۆتێلا" دەكڕدرێ و دەشزانی بۆچی منداڵان ئەوەندەیان حەز لەو شۆكۆلاتەیە.
دەبێ بکرێتە خۆراکێکی ڕۆژانە
بندق پێكهاتووە لە چەورییە سوودبەخشەكان، پرۆتین، كاربۆهیدرات، هەروەها باشترین سەرچاوەیە بۆ ڤیتامین E كە گرنگە بۆ دروستی ماسولكەكانی دڵ و لەش و بۆ دروستی كۆئەندامی زاوزێ، هەروەها دژەئۆكسانێكی بەهێزە كە رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە.
رۆژانە خواردنی تەنیا 25 گرام بندق لەش دەپارێزێت لە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە.
بندق رێژەیەكی باش لە "فۆلیك ئەسید" لەخۆ دەگرێت كە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە گەشەی منداڵ و گەورەكاندا، هەروەها گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن.
بندق رێژەیەكی باش لە كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆ دەگرێت بەتایبەتی ڤیتامین B1، B2، B12 كە زۆر گرنگن بۆ دروستبوونی خوێن و گەشەی كۆئەندامی دەمار بەتایبەتی لە ساڵەكانی گەشەی منداڵاندا.
بندق نزیكەی 70%-60 لە چەوری پێك هاتووە، بەڵام لە جۆری چەورییە ناتێرەكان و ئۆمیگا 3، كە بە چەورییە باشەكان ناسراون.