پێنج ساڵە 18 هەزار زیندانی سیاسی چاوەڕێی وەرگرتنی ماف و ئیمتیازاتیان دەكەن

:: PM:09:20:17/11/2019 ‌
نزیكەی پێنج ساڵە 18 هەزار زیندانی سیاسی، پاش پشتڕاستكردنەوە و دەرچوونی ناسنامەش بۆیان، هێشتا حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی نیشان نەداوە بۆ خەرجكردنی شایستەی دارایی و ئیمتیازاتەكانی. سەرۆكی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمان دەڵێ، بەردەوامین لە بەدواداچوون، وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێ، چاوەڕێین ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر بدات و تۆپەكە لای حكوومەتە.

بەپێی داتاكانی كۆمكاری زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بێت، زیاتر لە 20 هەزار زیندانی سیاسی دۆسیەكانیان لەلایەن دادگای تایبەتمەند بە زیندانی سیاسی پشتڕاست كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە لە هیچ ئیمتیازاتێك سوودمەند نەبوونە، لە یاداشتێكدا بۆ لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، داوای گەڕانەوەی ماف و ئیمتیازاتەكانیان دەكەن.

سەوسەن محەمەد میرخان: بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و هەوڵی هەمواری یاسایەكەشیان دەدەین


سەوسەن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێ، كۆی گشتی زیندانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 23 هەزار كەسە، لەم ژمارەیە زیاتر لە 18 هەزاریان سوودمەند نین لە ئیمتیازاتەكانیان، بۆ ئەمەش لەگەڵ "وەزارەتی دارایی و شەهیدان قسەمان كردووە، وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی رەزامەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات".

سەرۆكی لیژنەی شەهیدان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان قسەیان كردووە و بەردەوام دەبن لەسەر بەدواداچوونی پێدانی ماف و ئیمتیازاتەكان بە زیندانیانی سیاسی، زیاتر گوتی "تەنانەت لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان هەوڵی هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی دەدەین".


گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان: بەهۆی تەنگژەی دارایی لە 2014ـەوە تا ئێستە، حكوومەت رەزامەندی لەسەر شایستەی دارایی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی نەداوە


فواد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا حەوت وەجبەی یەكەم كە مامەڵەكانیان لە دادگای تایبەتمەند بە زیندانی سیاسی تەواو كردووە، سوودمەندن لە هەموو ماف و ئیمتیازێك چونكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر دراوە، گوتی "وەجبەكانی هەشت تا 14 كە ژمارەیان زیاتر لە 18 هەزار زیندانی سیاسییە، مامەڵەكانیان لە دادگا تەواو كردووە و لەلایەن وەزارەتیش پشتگیری كراون وەك زیندانی سیاسی ناسێنراون، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ رەزامەندی لەسەر دان"، زیاتر گوتی "بەهۆی تەنگژەی دارایی لە 2014ـەوە تا ئێستە، حكوومەت رەزامەندی لەسەر شایستەی دارایی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی نەداوە".

گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان، ئەوەی دووپات كردەوە كە لەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان، ئەو پرسەی لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ كردووە.

بەپێی یاسای ئیمتیازاتی زیندانی كراو و گیراوی سیاسی بە ژمارە (11)ـی ساڵی 2011ـی كە پەرلەمانی كوردستان دەری كردووە، هەر كەسێك چوار شایەتی هەبێت كە دوانیان لەوانە لەلایەن حكوومەتی پێشووی عێراق مەحكوم كرا بێت، هەروەها سوێند بخوات كە زیندانی سیاسییە، ئەوا لەلایەن وەزارەتی شەهیدان لەسەر بڕیاری دادوەر، دۆسیەی زیندانی سیاسی بۆ دەكرێتەوە و ناوی دەچێتە لیستی زیندانی سیاسی.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان ژمارەی زیندانی سیاسی زیاتر لە 23 هەزاری تێپەڕ كردووە و هەر زیندانێكیش بەپێی یاسایەكە بێت ئەوا كۆمەڵێك ماف و ئیمتیازاتی هەیە، لەوانە وەرگرتنی زەوی، پێشینەی هاوسەرگیری، وەرگرتنی مووچەیەك بەناوی هاوكاری بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەگەر مووچەخۆری حكوومەت بێت، یەكێك لە منداڵەكانیشی كرێ و خەرجی خوێندنی لەلایەن وەزارەتی شەهیدان بۆ دەدرێت.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای كۆمكاری زیندانیانی سیاسی: مافەكانیان نافەوتێت، هەركات حكوومەت رەزامەندی نیشاندا هەموو مووچە و مافە داراییەكانیان وەردەگرنەوە


ئازاد قادر رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمكاری زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئەو 18 هەزار زیندانە سیاسییە هەموو مامەڵەیەكیان تەواو بووە و تەنانەت ناسنامەی زیندانی سیاسیشیان بۆ كراوە، گوتی "مافەكانیان نافەوتێت، هەركات حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانیان، ئەوا هەموو مووچە و مافە داراییەكانی تریان وەردەگرنەوە"، زیاتر گوتی "هێندەی بەدواداچوونمان كردووە، بڕی پارەكە زۆر لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێت و لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی تەنگژەی دارایی ئەو پرسە راگیر بوو، لە ئێستەشدا هەوڵ هەیە ماف و ئیمتیازاتی زیندانی سیاسی بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق، رەنگە ئەمە یەكێك بێت لە هۆكاری دواكەوتنەكە".



وشە - فه‌رمان سادق