له په‌نجه‌ره ته‌ماوییه‌كانی خانه كۆنبووهكهی داڵده‌ی ئافره‌تانه‌وه، خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆژگار ده‌خوازێت، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك كه ده‌یان ساڵی تریش به‌دیارییه‌وه دابنیشێت، نایان بینێته‌وه، ئه‌و له بارودۆخێكدا ده‌ژی كه تا ئێسته نه‌یتوانیوه باوه‌ڕ به ڕوودانی بكات، نازانێت نه شه‌و به رۆژ ده‌گه‌یه‌نێت بۆ مه‌رگ نه رۆژ به تاریكی ده‌سپێریت بۆ تاریكتربوونی ژیانی.
"كاڵێ" كچێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵانه، دانیشتووی شاری كۆیه‌یه، به‌ڵام ماوه‌ی پێنج مانگه له شاری هه‌ولێر له یه‌كێك له داڵدهكانی ئافره‌تان (شه‌ڵته‌ر)دا ده‌ژی. خۆی ده‌ڵێ، "لێره وه‌ك به‌ندكراوێكی بێ تاوان وام، به‌ڵام ناچارم بمێنمه‌وه"، ئه‌و دڵنیایه له‌وه‌ی بچێته ده‌ره‌وه، ده‌كوژرێت.
ئاوا باسی ژیانی ده‌كات: من كچی بچووكی ماڵ بووم، قوتابی بووم له پۆلی ده‌ی ئاماده‌یی بووم، له‌گه‌ڵ كچێكی دراوسێمان هاتوچۆی قوتابخانه‌م ده‌كرد، ژیانم زۆر خۆش بوو، خانه‌واده‌یه‌كی باشم هه‌بوو. له رووی ئابووریشه‌وه، باری ژیان و گوزهرنمان زۆر باش بوو، خۆم به خۆشبه‌خترین كچی دنیا داده‌نا، چونكه له هیچم كه‌م نه‌بوو. هاوڕێی خراپ ژیانی وێران كردم.
كاڵێ له‌ناو باوه‌شی خێزنهكهیدا ده‌ژیا، به‌ڵام به‌هۆی هاوڕێی خراپ و بێ ئاگایی و بێ باكیی خۆیه‌وه، رووبه‌ڕووی زۆر رووداوی له خۆی گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه.
ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ "شێنێ"ی دراوسێماندا زۆر هاوڕێ بووین، له قوتابخانه‌یش به‌یه‌كه‌وه بووین، شێنێ دوو ساڵ له من گه‌وره‌تر بوو، خۆشه‌ویستی هه‌بوو، رۆژانه له رێگه‌ی قوتابخانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه ده‌ڕۆیشت. رۆژێكیان زوو له قوتابخانه ته‌واو بووین، "كاروان"یش هات به‌دوای شێنێدا تا بیباته ده‌ره‌وه، زۆریان له من كرد منیش چووم له‌گه‌ڵیان، به‌و مه‌رجه‌ی زوو بڕۆینه‌وه.
كاروان گوتی: با تۆش به ته‌نیا نه‌بی "ئازاد"ی هاوڕێشم له‌سه‌ر ریِگهی خۆمان هه‌ڵده‌گرین، كوڕێكی باشه و وه‌ك خۆت جوانه.
پێوه‌ندی پێوه كرد و ئێمه‌ش چووین به‌دوویدا، دواتر كاروان به‌یه‌كتری ناساندین و ئه‌و رۆژه چووینه كافتریایه‌ك. من زۆر ده‌ترسام، یه‌كه‌م جارم بوو، ده‌مزانی براكانم یان باوكم بمبینن، زۆر خراپ ده‌قه‌ومێ.
ئه‌و ناسینه‌ی كاڵێ له‌گه‌ڵ ئازاد له‌وێدا ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام كۆتای نایه‌ت، یه‌كتر بینین و قسه‌كردنیان بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت.
كاڵێ ده‌ڵێت: من مۆبایلم نه‌بوو، باوكم به‌ڵێنی دابوومێ كاتێك پۆلی دوانزه ته‌واو بكه‌م، مۆبایل و ئۆتۆمۆبێلیشم بۆ بكڕێت. دوای ناسینی ئازاد بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، به مۆبایلی شێنێ قسه‌مان ده‌كرد.
دواتر ئازاد گوتی: ئاوا من ناتوانم ده‌بێ زیاتر ئاگام لێت بێت، بۆیه مۆبایلێكی بۆ هێنام و به‌دزیی ماڵه‌وه مۆبایله‌كه‌م هه‌ڵگرت، ژیانم ته‌نیا بوو بوو به قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئازاد و دواتر بینینی له رێگه‌ی قوتابخانه‌وه. چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ شێنێ، له رێگه‌ی بازاڕ و ماڵی هاوڕێی تریشه‌وه، له‌گه‌ڵ ئازاد و كاروان ده‌رچووین بۆ ده‌ره‌وه. من زۆر ده‌ترسام، به‌ڵام شێنی ده‌یگوت، وه‌ك من به مه‌ترسه. هیچ شتێك له خۆشه‌ویستی خۆشتر نییه.
پێوه‌ندیی ئازاد و كاڵێ به‌رده‌وام ده‌بێت، له كاتێكدا كه ئازاد گه‌وره‌ترین و گرنگترین شتی به كاڵێ نه‌گوتووه و شێنی و كاروانیش ئاگادارن. ئازاد جگه له‌وه‌ی راستگۆ نییه له‌گه‌ڵ كاڵێ، له رووی مادیشه‌وه چه‌ند جار به ناڕاسته‌وخۆ داوای شتی لێ كردووه.
كاڵێ ده‌ڵێت: ئازاد باری دارایی زۆر باش نه‌بوو، له بازاڕ دووكانی جلوبه‌رگی هه‌بوو، بۆیه من زۆر یارمه‌تیم ده‌دا، پاره‌م له ماڵه‌وه به بیانووی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرت و ده‌مدا به ئازاد.
جارێكیان ئازاد پێوه‌ندی پێوه كردم، زۆر بێ تاقه‌ت بوو، گوتی: دایكم پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه و ده‌بێ له تاران بۆی بكرێ، پاره‌ی ته‌واوم نییه بیبه‌م. منیش به‌یانی له رێگه‌ی قوتابخانه‌وه له‌گه‌ڵ شێنێ چووم، تاخمێكی زێڕم بۆ فرۆشت كه بایی دوو هه‌زار دۆلار بوو، هه‌موویم بۆ برد تا نه‌شته‌رگه‌ری دایكی پێ بكات.
كاڵێ به هیچ نهێنییه‌كی ئازاد نازانێ، چونكه هه‌میشه شێنێ و كاروان، ئازادی له‌به‌رچاو جوانتر ده‌كه‌ن، دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌و 20 وه‌ره‌قه‌یه‌ی دابووی به ئازاد تا نه‌شته‌رگه‌ریی دایكی پێ بكات، ئه‌و خۆی و خێزانه‌كه‌ی پێی چوون بۆ توركیا، بۆ گه‌شت و گه‌ڕان. دوای زیاتر له هه‌شت مانگ له پێوه‌ندیی كاڵێ و ئازاد، ئیتر ئه‌و رۆژه دێت كه رووی راستیی ئازاد ده‌ربكه‌وێ.
كاڵێ ده‌ڵێ: له وانه‌كانم زۆر دوا كه‌وتبووم، چوومه ماڵی پوورم تا سه‌عیم پێ بكات، ئاخر پوورم مامۆستا بوو. ئه‌و شه‌وه من له‌وێ مامه‌وه، به‌ڵام مانه‌وه‌ی مه‌رگم بوو، دوای ئێواره ماڵێ پوورم میوانیان هات، خێزانێكی چوار كه‌سیی ژن و مێرد و دوو منداڵ، كاتێك به‌خێرهاتنم كردن، ئازادم بینی.. تاسام، سه‌ره‌تا هیچم نه‌زانی، چوومه‌وه مه‌تبه‌خ دانیشتم، نه‌مده‌زانی ده‌بێت چی بكه‌م، چی بڵیم؟ ده‌بێ ئه‌و ژن و منداڵانه كێ بن خوایه..!
كچی پوورم گوتی: وه‌ره بڕۆیینه ئه‌ودیو بۆ لای میوانه‌كان شه‌رمه.
- ئه‌وانه كێن؟
ماڵی كاك ئازادن، زۆر رێكوپێكن له‌گه‌ڵ كاكم، له بازاڕ دراوسێ دووكانن.
كاڵێ، كاتێك باسی ئه‌و شه‌وه‌ی ده‌كرد، جگه له فرمێسك، تووڕه‌یییه‌كی پر له ئاگرین ناوچاوی گرتبوو، هه‌ر له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت، ده‌بوو ئه‌و شه‌وه ئابڕووی ببه‌م و لای خێزانه‌كه‌ی سووكی بكه‌م.
ده‌ڵێ: ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی نه‌خه‌وتم، ئه‌و چه‌ند چركهساتهم بیر نه‌ده‌چووه‌وه كه ئازاد و خێزانهكهیم بینیبوو. به‌یانی له قوتابخانه كاتێك بهشێنێ-م گوت، پێی گوتم: ده‌مزانی، به‌ڵام خۆ ژن ژنی نه‌خواردووه، من تاسا بووم و نه‌مده‌زانی چی بڵێم.
كاتێك له قوتابخانه چوومه ده‌ر، ئازاد له به‌رده‌رگه چاوه‌ڕێم بوو، منیش چوومه ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و ده‌مویست هه‌رچی له دڵمدا بوو، پێم ڕشت.. زۆر قسه‌م پێ گوت.. زۆر گریام.. ئه‌ویش هه‌ر ده‌یگوت، وه‌ڵا من تۆم به ڕاستی خۆش ده‌وێ. ئاگام له رێگه نه‌بوو، كاتێكم زانی گه‌یشتبووینه ده‌ره‌وه‌ی شار، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راگرت.. له‌و كاته‌دا ترسێكی زۆر له گیانم نیشت: چی ده‌كه‌ین له‌م شوێنه چۆڵه؟ گوتی: ته‌نیا قسه ده‌كه‌ین.
ورده ورده لێم نزیك ده‌بووه‌وه و منیش هاوارم ده‌كرد، سوودی نه‌بوو، گه‌یشته ئه‌وه‌ی لێی پاڕامه‌وه نزیكم نه‌بێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی گوێی نه‌یبیستێ.. جامه‌كانی داخست و توند گرتمی، منیش له دۆخێك‌دا بووم له نێوان بێ هۆشی و ئاگایییه‌وه، له عه‌زره‌ت ترس و تاسانی خۆم، نازانم له‌په‌ل كه‌وتبووم یان به‌رگریم ده‌كرد.. ئه‌وه‌ی ویستی له‌گه‌ڵی كردم.
ئازاد، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ كاڵێ ده‌كات، له ترسی ماڵی باوكی كاڵێ، خۆی و خێزانه‌كه‌ی و كاڵێ-ش ده‌بات و ده‌چێت بۆ ماڵێكی خزمیان له سلێمانی، له‌وێ ئه‌و ماڵه پێوه‌ندی به ماڵی باوكی هه‌ردوو لاوه ده‌كه‌ن و هه‌مووان له بابه‌ته‌كه ئاگه‌دار ده‌كه‌نه‌وه.
كاڵێ ده‌ڵێت: من وه‌ك مردوو وابووم، شتی وام به‌سه‌ر ده‌هات، له هه‌موو ژیانم پێشبینیم نه‌كردبوو، ده‌مویست بمرم: "من ئابڕووی خۆم و بنهماڵهكهشمم بردبوو"، ماڵی باوكم گوتبوویان: ده‌بێ هه‌ردووكیان بكوژین، بۆیه ئه‌و ماڵه‌ی بۆی چووین، ئێمه‌یان هێنا بۆ پۆلیسی هه‌ولێر.
پۆلیس منی هێنا بۆ ئێره، ئازادیش گیراوه. من و ماڵی باوكیشم داوامان له‌سه‌ر تۆمار كردووه. دادگا بڕیاری ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه كه ده‌بێت من ماره بكات، به‌ڵام ماڵی ئێمه و منیش رازی نین. ئه‌و ئێسته هیچ حوكمێكی بۆ ده‌رنه‌چووه، چونكه دادگای كۆتا ماوه. به‌ڵام تازه هه‌رچ بڕیارێكی له‌سه‌ر بدرێ، هیچ ناگۆڕێ، تازه ژیانی منی فه‌وتاند. من ده‌ڵێم: ده‌بێ شێنێ و كاروان-یش بدرێنه دادگا، چونكه ئه‌وان به هه‌ردووكیان ژیانی منیان تێك دا.
كاڵێ له ماوه‌ی ئه‌و پێنج مانگه‌دا یه‌كجار دایكی ده‌بینێت، كه دێت بۆ لای له شه‌ڵته‌ر، دایكی پێی ده‌ڵێ: له دوای ئه‌و بابه‌ته ماڵی شێنێ له‌و گه‌ڕه‌كه باریان كردووه، چونكه كاڵێ و ئازاد له ئیفادهكهیان ناوی شێنێشیان هێناوه.
كاڵێ ده‌ڵێ: من ئه‌و كاته‌ی دایكمم بینی، نه‌مده‌توانی سه‌یری بكه‌م، له كاتێكدا خه‌ریك بوو ده‌مردم بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌شی پێدا بكه‌م و ئه‌و دڵم بداته‌وه، نه‌مده‌توانی ته‌ماشاشی بكه‌م. دایكم به‌و پێنج مانگه له‌به‌رچاوم هێنده‌ی 50 ساڵ پیر بووبوو. من بۆنی دایكمم ده‌كرد به‌ڵام نه‌فره‌تم له خۆم ده‌كرد، خۆم به‌شایه‌نی ئه‌وه نه‌ده‌زانی باوه‌شی پێدا بكه‌م. من تاڵه ره‌شه‌كانی سه‌ری دایكمم سپی كردبوو، چۆن ده‌متوانی بانگی بكه‌م؟، من وام كردبوو چاوه گه‌شه‌كانی دایكم لێڵ ببن به‌هۆی گریانه‌وه، ئێسته چۆن سه‌ر ههڵببرم و لێیان بڕوانم..!
گریان ڕێگه‌ی به كالێ نه‌دا ئه‌و دیداره ته‌واو بكات، ته‌نیا ئه‌وه‌ی رووخساری كاڵێ ببینێ، تێ ده‌گات دوای ئه‌نجامدانی كارێكی وا په‌شیمانی چییه و چۆنه.
خێزانی كاڵێ، ئێسته‌ش سوورن له‌سه ئه‌و بڕیاره‌ی كه ده‌بێت هه‌ردووكیان بكوژرێن. ماڵی باوكی ئازادیش بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه ته‌شه‌نه نه‌كات و گه‌وره‌تر نه‌بێ، چه‌ند جار هه‌وڵیان داوه به رێگه‌ی عه‌شایه‌ری و سوڵح چاره‌ی بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته نه‌گه‌یشتوون به ئه‌نجام، بۆیه ئه‌وانیش ده‌ڵێن: ئێوه چ بڕیارێكتان بۆ كچه‌تان دا، بۆ كوڕه‌كه‌ی ئێمه‌ش بیده‌ن. له نێوان ئه‌و بڕیارانه‌شدا، ئێسته ئازاد له‌ودیو شیشه‌كانی گرتووخانه و كاڵێ-ش په‌نجه‌ره ته‌ماوییه‌كانی شه‌ڵته‌ره‌وه سه‌یری داهاتوویه‌ك ده‌كه‌ن كه ترووسكایی لێ نابینن.
تێبینی: ناوه‌كان له‌به‌ر هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی گۆڕاون و هه‌ندێك ورده‌كاریش له‌سه‌ر داوای كاڵێ باس نه‌كراوه.
ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان