شێخ و نوشتەچییەكانی فەیسبووك گیران

:: AM:09:25:18/11/2019 ‌
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، لەلایەن تیمێكی تایبەت توانرا دوو كەس بگرن كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆیان وەك نوشتەچی و ساحیر ناساندبوو.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی تشرینی دووەم، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار دوو تۆمەتباریان گرت كە لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە فێڵیان لە هاووڵاتییان كردووە.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك و دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە توانرا هەریەك لە تۆمەتباران "و، ت، ش" لەدایكبووی 1993 و "د، ش، ن" لەدایكبووی 1992 لەناو كافتریایەكدا لە شاری سلێمانی بگرن.

لە ڕێی نوشتەوە فیڵیان لە ژنان كردووە، لە بەرانبەر دروستكردنی هەر نوشتەیەكدا بڕێك پارەیان وەرگرتووە
ڕوون كراوەتەوە، تۆمەتباران هەستاون بەدروستكردنی چەند لاپەڕەیەكی فەیسبووك و بەناوی شێخەوە و لە ڕێی نوشتەوە فیڵیان لە ژنان كردووە، لە بەرانبەر دروستكردنی هەر نوشتەیەكدا بڕێك پارەیان وەرگرتووە.

ئاشكرا كراوە، ئێستە تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی دووی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی، ڕاگیراون و لە لایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد