له‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه"دا ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌فسه‌رێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی به پله‌ی "رێپێدراو/مفه‌وه‌ز" كه له بازگه‌ی تاسڵووجه ده‌وامی كردووه، بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ئه‌و پسووله‌یه‌ی كه بۆ شۆفێرانی كردووه، ساخته بووه و داهاته‌كه‌ی بۆ خۆی بردووه نه‌ك بۆ خه‌زێنه‌ی فه‌رمانگه‌كه‌ی و حكوومه‌ت. پۆلیس زانیارییه‌كان پشتڕاست ده‌كاته‌وه، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك سه‌رسوڕمانی ده‌رده‌بڕن له‌وه‌ی "وشه" چۆن ئه‌وه‌ی زانیوه.
له‌م به‌دواداچوونه‌دا كه "وشه" له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا كردوویه‌تی، ده‌ركه‌وت جۆری گه‌نده‌ڵییه‌كه له رێی پسووله‌ی ئۆتۆمبێلی بچووك و بارهه‌ڵگره‌وه كراوه و زۆرتر له شه‌ودا بووه، وه‌ك ئه‌فسه‌رانی هاتوچۆ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، ده‌كرێ داهاتی شه‌وێكی تا سه‌تان ملیۆن دینار بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پسووله‌كان نرخیان جیاوازه و هه‌ریه‌كه‌یان له 100 هه‌زار دیناره‌وه تا نزیكه‌ی ملیۆن و نیو دینار ده‌كرێ پێبژاردنی بۆ بكرێ، به‌پێی جۆری سه‌رپێچییه‌كه.
جۆری گه‌نده‌ڵییه‌كه له رێی پسووله‌ی ئۆتۆمبێلی بچووك و بارهه‌ڵگره‌وه كراوه و زۆرتر له شه‌ودا بووه
ئه‌وه‌یش بۆ "وشه" ده‌خه‌نه ڕوو كه "ئه‌و ئه‌فسه‌ره خۆی پسووله‌ی دروست كردووه و هیچ كام له كۆپییه‌كانی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتۆچۆی سلێمانی، سزای پێبژاردنی به په‌له‌ی شۆفێرانی داوه و راسته‌وخۆ داهاته‌ی بۆ خۆی بردووه".
دۆسیه‌كه ماوه‌یه‌كه ئاشكرا بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و پسوولانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ و به‌راوردیان كردووه كه وێنه‌ی له تۆماری خۆیاندا نییه، له كاتێكدا هه‌موو پسووله‌یه‌ك سێ وێنه‌ی هه‌یه كه یه‌كێكی ده‌درێت به شۆفێر و دووانه‌كه‌ی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ و به‌شی پێژماردن.
ئه‌فسه‌رێكی هاتوچۆی سلێمانی كه له‌به‌ر نهێنیبوونی دۆسیه‌كه و ناسینی كه‌سه‌كه، نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت و به"وشه"ی راگه‌یاند، "ئه‌و رێپێدراوه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ له بازگه‌ی تاسڵووجه ده‌وامی ده‌كرد، پیشه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆی قۆستووه‌ته‌وه و له كاتی سه‌رپێچی به‌په‌له یان رێدان به ئۆتۆمبێلی نایاسایی یاخۆ ئه‌وانه‌ی زیاتر له پێویست باریان هه‌ڵگرتووه، پسووله‌ی سه‌رپێچی بۆ كردوون و هه‌ر له‌وێ پاره‌كه‌ی لێ وه‌رگرتوون".
به‌گوته‌ی ئه‌فسه‌ره‌كه، پسووله‌كه به ژماره‌ی زۆر له ئێران چاپ كراوه و ئه‌و كارمه‌نده‌یش كه تا ئێسته دیار نییه، باندێكی له‌گه‌ڵدایه یان هه‌ر خۆی كاره‌كه‌ی كردووه، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجام داوه.
"وشه" له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كه‌وت كه ئاستی گه‌نده‌ڵییه‌كه ملیۆنان دۆلاره، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی ئه‌مه پشتڕاست ناكاته‌وه و دۆسیه‌كه له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه و رێپێدراوه‌كه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ گیراوه.
ئاشكرابوونی گه‌نده‌ڵییه‌كه له‌وكاته‌دا ده‌بێت كه به رێكه‌وت ژماره‌یه‌ك له‌و پسوولانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی، به‌هۆیه‌وه گومان ده‌خرێته سه‌ر تۆمه‌تبار و چاودێری ده‌كرێت، به‌گوته‌ی ئه‌وانه‌ی زانیاری‌یان به "وشه" دا، "دواجار له كاتی سه‌رپێچییه‌كه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و چه‌ند پسووله‌یه‌كی ساخته‌یشی پێوه گیراوه".
سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی به"وشه"ی راگه‌یاند، "رێپێدراوێكمان كه له بازگه‌ی تاسڵووجه كاری ده‌كرد، به گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره‌وه گیراوه و له به‌شی یاسایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ لێكۆڵێنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی به خه‌مڵاندن به‌سه‌ریدا ساغ بووه‌ته‌وه، یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاره".
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "كه‌س نازانێ چه‌ند ساڵه ئه‌و رێپێدراو/مفه‌وه‌زه سه‌رقاڵی ئه‌م ساخته‌كارییه بووه، به‌ڵام دوای گومانێكی زۆری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی، دڵنیا بووین له بازگه‌ی تاسڵووجه گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره ده‌گوزه‌رێت و دواجار یه‌كلا بووه‌وه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و پسووله ساختانه‌یه و هیچ وێنه‌یه‌كی ناگه‌ڕێته‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ، تا له كاتی سه‌رپێچییه‌كه‌دا گرتمان".
دووپاتی كرده‌وه، "دۆسیه‌كه ئێسته ره‌وانه‌ی دادگای ئاسایشی هێزه‌كانی ناوخۆ كراوه و كه‌سه‌كه گیراوه تا دادوه‌ر چاره‌نووسی یه‌كلا ده‌كاته‌وه".
له‌باره‌ی ورده‌كاریی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه كه به پسووله كراوه، سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی روونی كرده‌وه، "هه‌ر وه‌سڵێك بۆ شۆفێر بكرێت، سێ كۆپی هه‌یه، یه‌كێك لای شۆفێر، دووه‌كه‌ی تر لای ژمێریاری و وردبینی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌بێت، به‌ڵام وه‌سڵه‌كانی ئه‌و مفه‌وه‌زه ته‌نیا لای خۆی بوونه و زۆرترینیشی بۆ ئه‌و شۆفێرانه‌ی كردووه كه سزای پێبژاردنی به‌په‌له‌یان بۆ كراوه".
بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی ئاماده نه‌بوون به ئاشكرا لێدوان بده‌ن به‌و هۆیه‌ی دۆسیه‌كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خۆی چاودێری ده‌كات. په‌یامنێری "وشه" سه‌ردانی عه‌مید فه‌ره‌یدوون عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی سلێمانی كرد، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو هیچ چاوپێكه‌وتن یان لێدوانی له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هه‌بێت.
به‌ڵام رائید كاروان گوته‌بێژی هاتوچۆی سلیمانی ته‌واوی زانیارییه‌كانی "وشه"ی پشتڕاست كرده‌وه و گوتی، "راسته مفه‌وه‌زێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌كی ساخته‌كاری ده‌ستبه‌سه‌ره، به‌ڵام تا ئێسته له دادگا دۆسیه‌كه یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، بۆیه هیچ زانیارییه‌كی ورد ناخه‌ینه ڕوو".
گوته‌بێژه‌كه ده‌ڵێ، "من نازانم بڕی ئه‌و پاره‌یه چه‌نده كه خه‌مڵێنراوه، هه‌ركات دادگا بڕیاری خۆی دا، ئێمه‌یش لێدوانی خۆمان ده‌بێت".
"وشه" بۆ ئاگه‌داربوون له ره‌وتی دادگاییه‌كه، پێوه‌ندی به دادگای ئاسایشی هێزه‌كانی ناوخۆ له سلێمانی كرد، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو هیچ زانیارییه‌ك بدات و گوتی، "ته‌واوی دۆسیه‌كه نهێنییه و دادگاییه‌كه‌یشی لای ئێمه نهێنی ده‌بێت".
بازگه‌ی تاسڵووجه له سلێمانی، گه‌وره‌ترین ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌یه به ڕووی هه‌موو عێراقدا و رۆژانه ده‌یان هه‌زار ئۆتۆمبێل هاتوچۆی پێدا ده‌كه‌ن.