عێراق كاركردن به‌ بیمه‌ی ته‌ندروستی تاوتوێ ده‌كات

:: PM:03:55:24/01/2017 ‌
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یاسای بیمه‌ی ته‌ندروستی، شۆڕشێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستی له‌ عێراق دروست ده‌كات و دوو ره‌شنووسیان بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ كار بۆ یه‌كخستن و تێپه‌ڕاندنی له‌ په‌رله‌ماندا ده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ قوته‌یبه‌ جبووری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یاسای بیمه‌ی ته‌ندروستی شۆڕشێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستی له‌ عێراق دروست ده‌كات و بۆ تاوتوێكردنی یاساكه‌ش لیژنه‌كه‌یان یه‌كشه‌می داهاتوو مێوانداری عه‌دیله‌ حه‌موود وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ده‌كا.

جبووری ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان له‌ به‌غدا رای گه‌یاند كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین پڕۆژه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ عێراق رێك ده‌خات و ئاماژه‌ی كرد، دوو ره‌شنووسیان بۆ پڕۆژه‌كه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ یه‌كێكیان له‌ حكوومه‌ته‌وه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌ و ئه‌وه‌ی تریان له‌ دانانی لیژنه‌كه‌یانه‌.

زیاتر گوتی، لیژنه‌كه‌یان كار بۆ یه‌كخستنی هه‌ردوو ره‌شنووسه‌كه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ی كرد كه‌ یه‌كشه‌می داهاتوو لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ یه‌كشه‌می داهاتوو مێوانداری خاتوو عه‌دیله‌ حه‌موود وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ده‌كات بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ و پرسی كه‌می ده‌رمان به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ی پێویست بۆ كڕینی.

جبووری ئاماژه‌ی كرد كه‌ لیژنه‌كه‌یان دیدی تایبه‌تیان له‌باره‌ی ته‌نگژه‌ی دارایی وه‌زاره‌ته‌كه‌ هه‌یه‌. روونی كرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌كه‌یان دووباره‌ مێوانداری مسته‌فا هیتی سه‌رۆكی سندووقی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی هاوئاهه‌نگی له‌باره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2016 ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بیمه‌ی ته‌ندروستی دا.

سه‌رچاوه‌: غه‌د پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل