كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك له سێ زۆنی شاری سلێمانی چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هاووڵاتییان و خاوه‌ن كار و دووكانداره‌كانیش ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن و پێیان وایه، ئێسته ئه‌و بڕیاره بارگرانی دروست ده‌كات له‌سه‌ریان. شاره‌وانیی سلێمانیش ده‌ڵێت، بڕیاره‌كه هی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و ئێمه ته‌نیا جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوو بڕیاری دا كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاكی ماڵان و دووكان و شوێنه پیشه‌سازی و بازرگانییه‌كان بكاته پاره و له به‌رانبه‌ردا مانگانه به‌پێی نرخی دیاریكراو پاره له هاووڵاتییان وه‌ربگیرێت.
ئه‌م بڕیاره دوو ساڵه له هه‌ولێر چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه
ئه‌م بڕیاره دوو ساڵه له هه‌ولێر چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و مانگانه و ساڵانه ئه‌و پارانه كۆده‌كرێته‌وه كه شاره‌وانی به‌پێی رێنوێنی و وه‌ك رسومات، رێژه‌كانی دیاری كردووه.
كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌وان ته‌نیا كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌یان له‌سه‌ره و هه‌ر ماڵ و شوێنێك پاره نه‌دا، له‌سه‌ری كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و هه‌ركات ڕێی بكه‌وێته هه‌ر یه‌كێك له ده‌زگاكانی حكوومه‌ت، ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌و پاره‌یه بدات كه قه‌رزداره، ئینجا كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
عومه‌ر حوسێن دووكاندارێكه له سلێمانی، به"وشه" ده‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هه‌موو كاره‌كان به‌پێی یاسا به‌ڕێوه بچن. به‌ڵام ناشارێته‌وه كه پێیان وایه ئێسته وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه ئه‌ركێكی قورس ده‌خاته سه‌ر پیشه‌وه‌ر و دووكاندار، داوایان كردووه ئه‌و بڕیاره دوابخرێت یان هیچ نه‌بێت پاره‌كه كه‌م بكرێته‌وه.
ئه‌و گوتی، وای لێ هاتووه هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كاسبی بكات، ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی له‌سه‌ر كراوه به پاره و مانگانه بڕێك پاره‌ی زۆری ده‌وێت تا بیدات له حه‌قی ئه‌و كارانه، بۆیه دیار نییه سوود له كاره‌كه‌ی ده‌بینێت یان نا.
به‌ختیار مه‌حموود ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پیشه‌وه‌ر و خاوه‌ن دووكانه‌كان ناڕازین له‌و پاره‌یه‌ی دیاری كراوه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك، داوایان كردووه ئه‌و بڕیاره دوابخرێت یان پاره‌كه كه‌م بكرێته‌وه، چونكه ئه‌و بڕیاره بارگرانی دروست ده‌كات له‌سه‌ر خاوه‌ن كاره‌كان.
سه‌رده‌شت ڕه‌فیق به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاكی ماڵ و وه‌رگرتنی پاره له به‌رانبه‌ریدا، بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه و شاره‌وانی ته‌نیا جێبه‌جێی ده‌كات، بۆیه سلێمانی دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر حه‌وت زۆندا و هه‌ر كۆمپانیایه‌ك پاره‌ی زۆنێك كۆ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئێسته له سێ زۆن ده‌ست كراوه به كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك و دواتر كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ی كه ئه‌و سێ كۆمپانیایه كۆی ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ریه‌ك له كۆمپانیاكان "بیڤان و ئین سایت و چیمه‌ن"، زۆنێكیان پێ دراوه و ئه‌وانیش له‌لای خۆیانه‌وه ده‌ستیان به تۆماركردنی ماڵه‌كان كردووه، ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركات شاره‌وانیی سلێمانی داوای لێ كردن ده‌ست به گه‌ڕان بكه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌كه، چوار زۆنه‌كه‌ی تر ته‌نده‌رینیان بۆ كراوه و له داهاتوودا كۆمپانیاكه ده‌ست به كار ده‌كات.
سه‌رده‌شت له‌باره‌ی ناڕه‌زایه‌تی هاووڵاتییان و خاوه‌ن كاره‌كان، زیاتر گوتی، "ئێمه هیچمان له ده‌ست نایه‌ت، نه دواخستنی ئه‌و بڕیاره و نه كه‌مكردنه‌وه‌ی پاره‌كه، ئێسته‌یش زیاتر ئه‌و زۆنانه كاری كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌یان تێدا ده‌كرێت كه ناو بازاڕ و دووكان و شوێنه بازرگانییه‌كانن و له داهاتووشدا بۆ گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانی تر ده‌كرێت".
لای خۆیه‌وه كاروان حوسێن به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای چیمه‌ن، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، شاره‌وانیی سلێمانی خۆی خۆڵ و خاشاكی ماڵان كۆ ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وانه تۆماری ته‌واوی ئه‌و زۆنه‌ی خۆیان كردووه كه كاری كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی تێدا ده‌كه‌ن و له ڕێی تیمی خۆیانه‌وه ماڵه‌كان دیاری كراون، هه‌ركات شاره‌وانی داوای لێ كردن، له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ده‌ست به كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌كه ده‌كه‌ن.
كۆمپانیای چیمه‌ن له زۆنی چواری سلێمانی كاری كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی خۆڵ و خاشاك ده‌كات كه له گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته گه‌ڕه‌كی كوردسات، كۆی ئه‌و ماڵ و دووكانانه‌ی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی تۆماری كردوون، زیاتر له 24 هه‌زار شوێن ده‌بێت.
به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای چیمه‌ن، هه‌ر ماڵ و شوێنێك پابه‌ندی پێدانی پاره‌ی مانگانه نه‌بێت، پاره‌كه‌ی له‌سه‌ر كۆ ده‌بێته‌وه و وه‌ك پاره‌ی سزای هاتوچۆی لێ دێت، دواتر ئه‌و فه‌رزاره كاری بكه‌وێته هه‌ر ده‌زگایه‌كی حكوومه‌ت، سه‌ره‌تا ده‌بێ بچێت پاره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك بدات، ئه‌وكات كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆیه كه‌س ناتوانێ بڵێ پاره ناده‌ین.
بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی دیاری كراوه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاكی ماڵ و شوێنه بازرگانی و دووكان و كارگه‌كانی پیشه‌سازیی و كۆمپانیا، له 10 هه‌زاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات بۆ 200 هه‌زار دینار و مانگانه وه‌رده‌گیرێت.
وشه/به‌دواداچوونی هۆشیار عه‌لی