رێڕەوی ئارام بۆ ئاوارەكانی مووسڵ دروست كرا

:: AM:11:35:17/10/2016 ‌

رێڕەوی تەناهی بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییانی سڤیلی مووسڵ ئامادە كراوە و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ رای دەگەیەنێت، تەنیا گرتنەوەی مووسڵ بەلای هێزە بەشداربووەكان لەو شەڕەدا گرنگ نییە بەڵكو رێوشوێنمان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیلی ئەو شارەیش گرتووەتە بەر.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی شەڕی مووسڵ و دڵنیابوون لە پارێزراوی هاووڵاتییانی سڤیلی شاری مووسڵ سەردانی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقی كرد.

لەو دیدارەدا بەیانی ئەمڕۆ دووشەم، 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، حەیدەر عەبادی بە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاند، كۆمەڵێك رێڕەوی تەناهیمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەكاتی ئازادكردنەوەی مووسڵ هاووڵاتییانی سڤیلی پیایدا دەرباز بكرێن.

عەبادی لەو چاوپێكەوتنەدا داوای هاوكاری لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد بۆ ئەوەی لە دوای شەڕی مووسڵ هاوكارییان بكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ئەو پارێزگایە.

كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئاوارەكانی شەڕی مووسڵ بە سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند و پێشوازی لە دروستكردنی رێڕەوی تەناهی بۆ دەربازكردنی هاووڵاتییانی ئاسایی مووسڵ كرد.

سەرچاوە: دویچەوێلە


وشە - هیدایه‌ت جان