شوفێری پاسەكان قوتابیان دەكەن بە گۆرانیبێژ

:: AM:09:24:19/11/2019 ‌
بەشێكی زۆری شوفێری ئەو پاسانەی قوتابی دەگوازنەوە، بەهۆی هەڵكردنی گۆرانیی جۆراوجۆر، وایان كردووە بەشێك لە قوتابیان لە جیاتی ئەو گۆرانییەی لە قوتابخانەكان فێر دەكرێن، فێری گۆرانی هەڵپەڕكێ‌ بن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی تشرینی دووەم، ئاوات هەمزە توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ "وشە" گوتی، بەداخەوە هیچ ڕێنوێنییەك و ڕێكخستنێك نییە بۆ شوفێرانی پاس كە قوتابی دەگوازنەوە لە ماڵەكانیان بۆ قوتابخانە و بە پێچەوانەشەوە.

ناو پاسەكان بووەتە شوێنی فێربوونی گۆرانیی نەشیاو لەلایەن قوتابیانەوە 
ئەو توێژەرە ئاشكرای كرد، بەشێكی زۆری ناو پاسەكان بووەتە شوێنی فێربوونی گۆرانیی نەشیاو لەلایەن قوتابیانەوە، پێویستە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە كۆنتڕۆڵی ئەو دۆخە بكەن.

باسی لەوەش كرد، لە چەندان مامۆستامان پرسیوە و بەدواداچوونمان كردووە و دایكان و باوكانیش لەو دۆخە ناڕازین، بۆیە پێویستە سیدی تایبەت بۆ ناو پاسەكان ئامادە بكرێت و چاودێری ئەو دۆخە بكرێت.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی دووری بەشێك لە قوتابخانەكان لە ماڵی قوتابیانەوە، لە ڕێی پاس و مینی پاس هاتوچۆی قوتابیان ڕێكخراوە، ئەو پاسانە بەشێكیان كۆمپانیای گواستنەوە سەرپەرشتیان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد