توركیا بۆردمانی شنگال دەكات

:: AM:11:35:19/11/2019 ‌
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی سنووری شنگال دەكەن و ماڵی هاووڵاتییەكیان کردووەتە ئامانج و چالاكێكی كۆمەڵگەی خانەسۆرییش ئاشكرای دەكات، زیانی زۆری هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی تشرینی دووەم، خانێ‌ حەمدۆ چالاكی كۆمەڵگەی خانەسۆریان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توریكا بۆ سەر خانووی هاووڵاتییەك و بارەگەی یەبەشە بووە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی كۆمەڵگەكە.

ترسێكی زۆری لە كۆمەڵگەكە دروست كردووە 
ئەو چالاكە گوتی، بۆردمانەكە لە سەعات 11 بوو، بۆردمانی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان كراوە و ترسێكی زۆری لە كۆمەڵگەكە دروست كردووە، تا ئێستەش بە تەواوەتی زیانەكان نەزانراوە، ئەوەی هەیە دەگوترێ كەسێك كەوتووەتە ژێر خانووەكە.

بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان لە چەند شوێنك هەیە و چواری تشرینی دووەم فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانی شارەدێی خانەسۆریان كرد، لە ئەنجامیشدا سێ شەڕڤانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە بریندار بوون و ڕۆژی دواتریش گوندێك لە سنووری شنگال بۆردمان كرا.

بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە كاتێكدایە توركیا سنووری شنگال بە شوێنی مانەوەی بەشێك لە هێزەكانی پەكەكە و یەبەشە دەزانێت.



وشە - رامیار جەواد