پارەی فەرمانبەران دزرا

:: PM:01:30:19/11/2019 ‌
ژمارەیەك چەكدار پارەی فەرمانگەیەكی حكوومەت دەدزن و ئەفسەرێكی فریاكەتن ئاشكرای دەكات سەرجەم هێزەكانی پۆلیس خراونەتە ئامادەباشی.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی تشرینی دووەم، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هێرشییان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركووك کە لە بانك دەهاتنەوە و سەرجەم پارەكەیان برد.

نەقیب بورهان شێخ عەلی لە پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕووداوێكی دزین هەیە و پۆلیس ئێستە سەرقاڵی دۆزینەوەی تاوانبارانە.

پۆلیس ئێستە سەرقاڵی دۆزینەوەی تاوانبارانە
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەكی تر بخاتەڕو و تەنیا گوتی"سەرجەم هێزە ئێستە لە ئەركدان".

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پارە دزراوەكە مووچەی 63 فەرمانبەر و دوو بەڕێوەبەرایەتی بچووك کراوەی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە و تا ئێستە چەكدارەكان نەدۆزراونەتەوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە چەند بەرپرسێكی پۆلیسی كەركووكەوە كرد وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دۆخی تەناهی كەركووك تێكچووە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر لەو شارە ڕوویانداوە.




وشە - رامیار جەواد