"وشە" وردەكاری دوورخستنەوەی پارێزگاری مووسڵ لە پۆستەكەی ئاشكرا دەكات

:: PM:02:49:19/11/2019 ‌
بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستەی عێراق و رەوشی مووسڵ، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كۆ دەبێتەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە دەڵێ، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن نامەی دەست لەكار كێشانەوەی مەنسوور مەرعید پارێزگاری مووسڵی دەرهێنا كە داوای رەزامەندی ئەنجوومەن دەكات بۆ قبوڵكردنی دەست لەكار كێشانەوەی، ئەنجوومەنیش پەسندی كرد. 

ئەمڕۆ سێشەم 19ی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە زۆرینەی دەنگ مەنسوور مەرعید پارێزگاری شارەكەیان لە پۆستەكەی دوورخستەوە.
بەگوێرەی نامەیەكی دەستنووسی پارێزگاری مووسڵ بێت بۆ ئەنجوومەنەكە كە خۆی واژووی لەسەر كردووە، داوا لە ئەنجوومەن دەكات رەزامەندی دەرببڕن بۆ دەست لەكار كێشانەوەی لە پۆستی پارێزگار بەهۆی ئەوەی توانای نییە ئەركەكانی جێبەجێ بكات.

ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاریان راگەیاند، بەڵام مەنسوور مەرعید دەڵێ، بڕیارەكانی ئەنجوومەنی یاسایی نین و جێبەجێ ناكرێن.
هاشم بریفكانی ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لەسەر هەڵسەنگاندن بوو بۆ دۆخی ئێستەی عێراق و خۆپێشاندانەكان و رەوشی مووسڵ، بەڵام نوورەدین قەبلان جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن، نامەی دەست لەكار كێشانەوەی مەنسوور مەرعیدی دەرهێنا و ئاماژەی بەوەدا كە پارێزگار داوای قبوڵكردنی دەست لەكار كێشانەوەكە دەكات

نورەدین قەبلان جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن نامەكەی مەنسوور مەرعیدی پارێزگاری مووسڵی خستەڕوو بە دەنگی 22 ئەندام پەسند كرا


"ئەو نامەیە بۆ ئێمەش جێگەی شۆك بوو، چونكە ئەو پرسە لە كارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەن نەبوو و دواتر لە كۆی 39 ئەندامی ئەنجوومەن، بە زۆرینەی 22 دەنگ دەست لەكار كێشانەوەكە پەسند كرا و سیروان رۆژبەیانی وەك جێگری پارێزگار دەستنیشان كرا بۆ راپەڕاندنی ئیشوكارەكان تا دەستنیشان كردنی پارێزگارێكی تر" بریفکانی وای گوت.

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، مەنسوور مەرعید لە بەیاننامەیەكدا، بڕیارەكانی ئەنجوومەنی رەت كردەوە و دەڵێ، دوورخستنەوەی یاسایی نییە و ناكرێت بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكانی ئەنجوومەن بكرێت.
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی دەست "وشە" كەوتووە، بەناوی نووسینگەی پارێزگاری مووسڵ، ئاماژە بەوەكراوە، دوای دەنگدانی پەرلەمان لە كۆتایی مانگی رابردوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، هیچ بڕیارێكی ئەو ئەنجوومەنانە ناكرێت جێبەجێ بكرێن و شەرعییەتیان نییە.
لەبارەی دەستنووسی دەست لەكار كێشانەوەكەشی مەرعید دەڵێ، ئەو دەستنووسە راست نییە و ئەنجوومەنی پارێزگاش شەرعییەتی نەماوە، ئەگەر پارێزگار بیهەوێت دەست لەكار بكێشێتەوە ئەوا دەبێت نامەی دەست لەكار كێشانەوەی ئاراستەی ناوەندی فەرمیتر بكات نەك ئەنجوومەنێكی هەڵوەشاوە".
 هاشم بریفكانی پێوەند بەو پرسە دەڵێ، نامەكە واژووی خۆی لەسەر بووە و دەستنووس بوو، ئەو پرسەش دەبێت لەلایەن دادگاوە یەكلا بكرێتەوە ئایا نامەكە ساختەیە یان نا، ئەگەر ساختە نەبێت ئەوا دەنگی لەسەر دراوە و دوور خراوەتەوە.





وشە - فه‌رمان سادق