ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، خۆپێشاندان ئه‌گه‌ر بگاته حاڵه‌تی ڕاگرتنی ئیداره، ئه‌وه كاریگه‌ریی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی له ده‌وروبه‌ری كوردستانن، به‌ڵام هێشتا خۆپێشاندانه‌كانی ئێران نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 19ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی سیاسی و ئابووریمان پێكه‌وه‌یه، بۆیه خۆپێشاندانه‌كانی عێراق ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان داده‌نێت.
هه‌ر كاتێك ئیداره وه‌ستا، كه‌واته كاریگه‌رییه‌كان به‌هۆی خۆپێشاندانه‌وه زیاتر ده‌بێ
ڕوونیشی كرده‌وه كه هه‌ر كاتێك ئیداره وه‌ستا، كه‌واته كاریگه‌رییه‌كان به‌هۆی خۆپێشاندانه‌وه زیاتر ده‌بێ.
له‌باره‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ئێران پیره گوتی، ئێران دراوسێیه و به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزییه‌وه ئه‌گه‌ری ئاواره‌بوونی خه‌ڵك هه‌یه و خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان یان ڕۆژهه‌ڵات بۆ ئێمه جیاوازی نییه.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه كرد، خۆپێشاندانه‌كانی ئێران تا ئێسته نه‌گه‌یشتووه‌ته حاڵه‌تێكی ڕاگرتنی ئیداره و هێشتا زووه تا بڕیار له‌سه‌ر خۆپێشاندانه‌كانی ئێران بدرێ كه ئایا حكوومه‌ت ده‌ڕووخێنی یان نا.
پێنج ڕۆژه خۆپێشاندانه‌كانی ئێران به‌ڕێوه ده‌چێ، سه‌ره‌تا خۆپێشاندانه‌كان له‌چه‌ند شارێك بوون كه دژی گرانكردنی نرخی به‌نزین و نان ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام دواتر زیاتر له 100 شاری گرته‌وه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه. هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ڕابردوویش به سه‌تان كه‌س بوونه‌ته قوربانی.