نەواف حەسەن ئەندامی ئەنەکەسە: ئەمەریكا سوورە لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتنی نێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم

:: AM:09:31:20/11/2019 ‌


ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، لەم دیمانە كورتەی "وشە"دا لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان، زانیاری لەبارەی دانوستانەكانی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە دەخاتە ڕوو و رای دەگەیەنێت كە ئەمجارە چەندان مەرجیان هەیە بۆ رێككەوتن، لەوانە ئازادكردنی گیراوە سیاسییەكان و هەبوونی گەرەنتی نێودەوڵەتی بە چاودێری هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا. دووپاتیشی دەكاتەوە، "ئەمەریكا گوشاری خستووەتە سەر تەڤدەم و سوورە لەسەر بە ئامانجگەیاندنی رێككەوتن".

دوای پەرەسەندنی رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان و داگیركارییەكانی توركیا، گوشارەكان بۆ یەكگرتووی كورد لەو پارچەیە بەهێزتر بوون و چەند رۆژێكە گفتوگۆ هاتووەتە ئاراوە لە نێوان "پەیەدە و ئەنەكەسە" كە دوو لایەنی سەرەكی رۆژئاوان و ناكۆكن, بەڵام هەسەدە كە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەیی دەكات رژدە لەوەی لەوەی حزبەكان لەم قۆناغەدا كێشە بۆ رۆژئاوا دروست نەكەن و پشتی هێزە سەربازییەكە بگرن.

نەواف حەسەن سەركردەی دیاری ئەنەكەسە، ئاماژە بە دوایین هەوڵەكان دەكات بۆ ئەوەی ئەنەكەسە و تەڤدەم بگەنە رێككەوتن و دەڵێ، "بە دەستپێشخەری ئەمەریكا و بە ئاگاداری هەرێمی كوردستان، دەستمان بە دانوستان كردووە، شاندێكی تەڤدەم سەردانی ئەنەكەسەیان كردووە، بەڵام هێشتا بە رێككەوتنی كۆتا نەگەیشتووین".
باشترین چارەسەر بۆ دۆخی رۆژئاوا ئەنجامدانی رێككەوتن و گەڕانەوەی ئاوارە‌ و پێكەوە بەڕێوەبردنی‌ ئیدارەی ناوچەكەیە.

"وشە" زانیویەتی ئەنەكەسە هەندێك مەرجی بۆ درێژەدانی ئەم گفتوگۆیانە دیاری كردووە و داوای كردووە،  سەركردە سیاسییەكانیان ئازاد بكرێن و رێ بە سەركردەكان‌ بدرێت بگەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان، بارەگاكانیشیان رادەست بكەنەوە كە زیاتر له ‌40 بارەگان. 
نەواف حەسەن لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "لەم نزیكانەدا سێ سەركردەی دیاری ئێمە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە،‌ ئەوانیش فوئاد عەلیكۆ، ئیبراهیم برۆ و عەبدولحەكیم بەشار، هەر كاتێك بگەڕێنەوە دەیانگرن. جگە لەمە ئەوانەی لەشكری رۆژیشن، بە كەسوكارەوە ناتوانن بگەڕێنەوە‌ رۆژئاوای كوردستان."

 ئەو سەركردەی ئەنەكەسە ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە داوایان سەربازیی ناچاری نەبێت، خەڵك لە چوونە ریزی سوپاس سەربەست بكرێن.
جگە لە دانوستانی فەرمیی، هەردوو لایەن سەردانەكانیان بۆ لای یەكتر زیاتر بووە و بەگوتەی نەواف حەسەن، بڕیارێك هەیە كە ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی تری فەرمیی بكەن بۆ رێككەوتن، چونكە ئەمجارە زەوینە لەبارترە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت. دووپاتیشی كردەوە "وەك ئەنەكەسە دەمانەوێ ئەمجارە رێككەوتن بكرێت و گەرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت".

گەڕانەوەی لەشكری رۆژ ‌بۆ رۆژئاوا مەرجی سەرەكی ئەنەكەسەیە، وەك ئەو نوێنەرەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ئاماژەی بۆ كرد، توركیا قبووڵ ناكات نە هەسەدە و نە رژێمی سووریا بەدووریی 32كم لەسەر سنوور بن، بۆیە پێشنیارێك هەیە لەشكری رۆژ سنوورەكان بپارێزێت، ئەمەش‌ باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رابگیرێت. 

نەواف گەشبینە لە ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ و پێی وایە "ئەمجارە ئیدارەیەكی نوێ و لەشكرێكی هاوبەش دروست دەكرێت" .
ئەوەشی خستەڕوو "تەڤدەم لەژێر پاڵەپەستۆی ئەمەریكا هاتووە‌تە پێش بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەنەكەسە بگەنە رێككەوتن، چونكە لە بەرژەوەندی ئەمەریكادایە رێككەوتن بكرێت. هەسەدە لە دەرەوەی سنوور بێت و نەوت بپارێزێت و هاوكات رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بكات و رێگری لە هەڵاتنی گیراوەكانیش بكات، لەشكری رۆژیش سنوورەكان بپارێزێ".

"باشترین چارەسەر بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان، ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنە و گەڕانەوەی ئاوارەكان‌ و پێكەوە بەڕێوەبردنی‌ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانە" نەواف حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا وای گوت.

وشە/راپۆرتی  بڵند ئیبراهیم








وشە - وشه‌