فەرمان بە قایمقام و پارێزگارەكانی ئێران دەكرێ ئاماری قوربانیان بشارنەوە

:: AM:11:14:20/11/2019 ‌

 

ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەكانی ئێران زۆر لەوە زیاترە میدیا فەرمییەكان باسی دەكەن. تەنیا لە دوو شاری بچووك سەرووی 35 كەس بە تەقەی هیزەكانی رژێمی ئێران شەهید بوون. فەرمان بە بەرپرس و قایمقامەكانی شارە كوردییەكان و سەرجەم شارەكانی ئێران كراوە بە هیچ شێوەیەك ژمارەی قوربانیان ئاشكرا نەكەن.

حكوومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێتی بە تەواوی پچڕاندووە و ئامانجی لەم كارەش ئەوەیە وێنە و ڤیدیۆی خۆپێشاندانەكان لە ناوخۆی ئێرانەوە بۆ دەرەوەی وڵات نەگوازرێتەوە و رێگری لە پێوەندی خۆپێشاندەرانیش بە یەكتر بكات. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران لە دژی رژێمەكە بەردەوامە و حكوومەت بە زەبر و زەنگ و كوشتنی خۆپێشاندەران و پچڕاندنی سەرجەم هێڵەكانی ئینتەرنێت، دەیەوێت بە هەر نرخێك بێ پێش بە زیاتر پەرەسەندنی خۆپێشاندانەكان بگرێت.

خۆپێشاندانەكان هەینی رابردوو 15ی تشرینی دووەم دەستی پێ كرد. ئەمەش دوای ئەوەی حكوومەتی ئێران بە بڕیارێك نرخی بەنزینی بۆ سێ هێندە بەرز كردەوە.

لەو كاتەوە تا ئێستە خۆپێشاندان بەردەوامە و بەگوێرەی دواین ئاماری نافەرمی سەرووی 100 كەس گیانیان لە دەست داوە، هەرچەندە باس لەوە دەكرێت ژمارەی قوربانیان دەبێت زۆر لەمە زیاتر بێت و حكوومەتی ئێران خۆی رێ نادات لەم رووەوە هیچ زانیارییەك بڵاو بكرێتەوە.

تەنیا لە مەریوان 15 کەس شەهید بوون

 

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئارتیكاس ئێقبال قایمقامی مەریوان ددانی بەوە نا كە بۆی نییە هیچ ژمارەیەك لەسەر قوربانیانی شارەكەی لەم خۆپێشاندانانە بخاتەڕوو. مەریوان یەكێك لەو شارە كوردییانەیە كە خۆپێشاندانی گەورەی تێدا بەڕێوە چوو و بەهۆیەوە 15 خۆپێشاندەر شەهید بوون.

دەگوترێ لە زیاتر لە 70 شاری ئێران خۆپێشاندان بەڕێوە چووە و لە زۆربەی شارەكانیش حكوومەت بە فیشەكی راستەقینە رووبەڕووی خۆپێشاندەران بووەتەوە. لە ماهشەهر كە شارێكی بچووكە باس لە كوژرانی 20 كەس دەكرێ.

میدیای فەرمی حكوومەتی ئێران گوتوویەتی تا ئێستە پێنج خۆپێشاندەر و حەوت پۆلیس كوژراون، ئەمە لە كاتێكدایە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ژمارەی كوژراوانی بە 106 كەس هەژمار كرد. هاوكات ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی كردەوە لە مەریوان 10 شەهید بە خاك سپێردراون

بەگوێرەی دواین زانیارییەكان ئەمڕۆ چوارشەم ئێران بۆ چەندان رۆژ لە دوای یەكتر هێڵی ئینتەرنێتی پچڕاندووە و دەیەوێ بەم كارەی رێگری لە گواستنەوەی زانیاری و گرێدانی خۆپێشاندەران بە یەكتر بكات.

خۆپێشاندانەكانی ئێران زیاتر لە دوانیوەڕۆوە دەست پێ دەكەن و تا درەنگانێكی شەو درێژە دەكێشن.




وشە - سلێمان تاشان