پێشانگایەک گرفتەکانی ژنان پێشان دەدات

:: PM:07:55:20/11/2019 ‌

ئاری بابان شێوەکاری کەرکووک 11مین پێشانگای تایبەتی لە سلێمانی کردەوە و لە پێشانگاکەدا تیشکی خستووەتەسەر گرفتەکانی ژنان.

پێشانگاکەی لە ماوەی سێ ڕۆژدا بەردەوام دەبێت لە ھۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی و ھاووڵاتییان بۆ بینینی تابلۆکانی سەردانی ھۆڵەکە دەکەن و لە تابلۆکانی ڕادەمێنن.

پێشانگاکە لەلایەن ناوەندی حەوت ڕەنگە و بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ھونەری شێوەکاری سلێمانی کراوەتەوە و پێشانگاکە ڕۆژانە لە پاش نیوەڕوان کراوە دەبێت.

ئاری بابان شێوەکار سەبارەت بە پێشانگاکەی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 21 تابلۆم لە پێشانگاکەدا نمایش کردووە کە بە ئەندازەی 100 لەسەر 70 سانیتمەتر بوون سەرجەمی یەک ئەندازەیی بوون.

تابلۆکان بریتی بوون لە چیرۆکی چۆنییەتی ژیان و خۆشەویستی

سەبارەت بە بابەتی ناو تابلۆکان بریتی بوون لە چیرۆکی چۆنییەتی ژیان و خۆشەویستی و چیرۆکەکان باس لە بەدەستھێنانی ژیانێکی باشتر دەکەن، بەتایبەت بۆ ژنان کە بەشێکی ناو کۆمەڵن، کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانەوە کێشە و گرفتیان ھەیە، ھەوڵمداوە لە تابلۆکانمدا ئەو سەربەرزی و کەسایەتیە قورسە بدەم بە کەسایەتی ژن.

ئاری بابان لە ڕووی تەکنیکەوە شێوازێکی کاری جیاواز بە خۆی ھەیە، لە ھەموو کارەکانیدا دوو تایبەتمەندی تێدایە، کە لە یەکەم کاریەوە تا کۆتا کاری ھەست بە ھەوڵی مرۆڤ دەکەیت بۆ بەدەستھێنانی ژیانێکی باشتر.

ئاری بابان لە 1953 لە شاری کەرکوورک لەدایکبووە و خوێندنی لە کەرکووک تەواو کردووە، لە کۆتایی شەستەکانەوە دەستی کردووە بە ھونەر، لە ساڵی 1970 یەکەم پێشانگای لە کەرکووک کردووەتەوە، لە ماوەی ساڵانی 1972 تا 2014 بەشداری لە 150 پێشانگای ھاوبەشدا کردووە لە ھەر چوار پارێزگاکەی کوردستان.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد










وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان