وەزیرێكی ئێران گەیشتە رووسیا بۆ ئەوەی پێنج ملیار دۆلار قەرز وەربگرێت

:: AM:11:33:21/11/2019 ‌

دۆخی ئابووری ئێران بە هۆی سزاكانی ئەمەریكا زۆر شڵەژاوە و ئەو حكوومەتە نەیتوانیوە بە پشتبستن بە داهاتی ناپێترۆڵی، كورتهێنانی بودجەكەی پڕ بكاتەوە و پەرە بە خزمەتگوزارییەكانی بدات.
دەستی بۆ ئەو وڵاتانە پان كردووەتەوە كە بە دۆستی خۆی هەژماریان دەكات.

حكوومەتی ئێران جگە لەوەی كە هانای بۆ سەپاندنی باج و گرانكردنی خزمەتگوزارییەكان كردووە، دەستیشی بۆ ئەو وڵاتانە پان كردووەتەوە كە بە دۆستی خۆی هەژماریان دەكات. رووسیا كە لە زۆر قۆناغدا بەرانبەر رۆژئاوا پشتیوانی لە ئێران كردووە و قەرز دەداتە ئێران بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت.

"رادیۆ زەمانە" بڵاوی كردەوە، وەزیری كارەبای ئێران چووەتە رووسیا بۆ ئەوەی لە نزیكەوە رێوشوێن بۆ وەرگرتنی قەرزی پێنج ملیار دۆلاری دەستنیشان بكات. رەزا ئەردكانیان وەزیری كارەبای ئێران لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران پێشتر رای گەیاندبوو كە رۆژی پێنجشەم سەردانی رووسیا دەكات بۆ ئەوەی قەرزی پێنج ملیار دۆلاری وەربگرێت.

وەك ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی پێ دەكات، ئامانجیان لە وەرگرتنی ئەم قەرزە ئەوەیە پەرە بە سیستمی گواستنەوە لە ئێران بدەن و وێڕای درێژكردنەوەی هێڵی مێترۆ، هەوڵی ئەوەش دەەن رێیەكانی شەمەندەفەر پەرە پێ بدەن.

هاوكات باڵوێزخانەی ئێران لە مۆسكۆش سەردانی وەزیری ئێران بۆ مۆسكۆی پشتڕاست كردووەتە و باسی لەوەش كردووە كە بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەلكساندر نۆڤاك وەزیری وزەی رووسیا و ئەو بەرپرسەی ئێران گرێ بدرێت.




وشە - سلێمان تاشان