ئێران بۆ كۆتاهێنان بە خۆپێشاندانەكان پارە بە خەڵک دەدات

:: AM:11:55:21/11/2019 ‌

حكوومەتی ئێران لە ژێر ناوی هاوكاریكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك، شەوی رابردوو پارەی بەسەر 20  كەس لە خەڵكی ئێران دابەش كرد. 

"مێهرنیوز" بڵاوی كردەوە پێشتر ئەم یارمەتییە بە 20 ملیۆن كەسی تر درابوو و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا 20 ملیۆن كەسی تر لەو یارمەتییە داراییەی حكوومەتی ئێران سوودمەند بن.

حكوومەتی ئێران بەم پلانە كە تەنیا ناوەكەی گەورەیە دەیەوێ كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنێت و پاساوی ئەوە بهێنێتەوە كە حكوومەت ئەوەی لە گرانكردنی بەنزین دەستی دەكەوێت، دووبارە بەسەر خەڵكدا دابەش دەكاتەوە.  بەڵام با بزانین ئەو یارمەتییە داراییەی حكوومەتی ئێران دوای ماوەیەكی درێژ بەسەر خەڵكدا دابەش كردووە چەندە.

یارمەتییە داراییەكە چووەتە هەژماری بانكیی سەرۆك خێزانەكان  و هەر خێزانێكی یەك كەسی  55 هەزار تمەن، دوو كەسی 103 هەزار تمەن، سێ كەسی 138 هەزار تمەن و چوار كەسی 172 هەار تمەن و پێنج كەسی و زیاتر لەم ژمارەیە 205 هەزار تمەنی وەرگرتووە.

ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بە دیناری عێراقی لێك بدرێتەوە، دەتوانین بڵێین حكوومەتی ئێران بۆ هەر خێزانێكی قەرەباڵغ كە ژمارەی مندالەكانیان زۆرە 205 هەزار تمەنی داوە كە دەكاتە كەمتر لە 20 هەزار دینار و هەر تاكێك پێنج هەزار دینار یان 50 هەزار تمەنی بەردەكەوێت.

بە یارمەتییەکە هەر تاکێک دەتوانێ تەنیا نیو کیلۆ گۆشت بکڕێت


كیلۆیەك گۆشت لە ئێران سەرووی 100 هەزار تمەنە و هەموو ئەو یارمەتییە داراییەی حكوومەت بەسەر خەڵكی ئێرانیدا دابەش كردووە بۆ هەر تاكێك نیو كیلۆ گۆشتی بەردەكەوێت.

ئێران بە دابەشكردنی ئەم یارمەتییە دەیەوێ بە خەڵكی دنیا بڵێت من راستەوخۆ یارمەتی هاووڵاتییان دەدەم بۆ ئەوەی ژیانێكی خۆشگوزەرانیان هەبێت. لە كاتێكدا ئەگەر كەسێك بۆ یەك جار تانكی ئۆتۆمبێلەكەی پڕ بەنزین بكات، دەبێت نزیكەی 200 هەزار تمەن بداتە حكوومەت.



وشە - سلێمان تاشان