دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند كەسێك بەهۆی كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی لە ئەمەریكا و كەنەدا تووشی كێشەی مەترسیدار هاتنەوە، لێكۆڵینەوەی رژد لەوبارەوە دەستی پێ كرد، تاقیكردنەوەكان دەریان خستووە كە جیا لەو مادەی دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا لەناو جگەرەكە دۆزیانەوە، هۆكارێكی تری مەترسیدار هەیە.
مەترسییەكانی جگەرەی ئەلیكترۆنی زیاد دەبێ
گەنجێكی كەنەدی دوای پێنج مانگ لە كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی تووشی كێشەیەكی گەورە هاتەوە و نزیك بوو لەوەی سییەكانی لەدەست بدات، تاقیكردنەوەكان بۆ ئاشكراكردنی هۆكارەكەی بەچڕی دەستیان پێ كرد و دەریان خست كە ئەو مادەی بووەتە هۆی ئەو حاڵەتە "دووەم ئەسیتیلە"، ئەو مادەیە ئەگەر بخورێت زیانی نییە، بەڵام ئەگەر لە رێگەی هەڵمژینەوە چووە ناو سییەكان مەترسی دەبێت، وەك
"فرانس پرێس" باسی كردووە.
وەك لە راپۆرتی گۆڤاری كۆمەڵەی پزیشكی كەنەدی هاتووە، سییەكانی ئەو گەنجە تووشی داخرانی لوولە وردەكانی هەوای ناو سییەكانی بووەتەوە كە بریتییە لە هەوكردنێك تووشی لوولە وردیلەكانی هەوای ناو سییەكان دەبێتەوە. بۆیە حاڵەتی ئەو گەنجە كەنەدییە جیاواز بوو لەو حاڵەتە نەخۆشیانەی بەهۆی ئەو جۆرە جگەرەوە لە ئەمەریكا دۆزرانەوە كە زیاتر لە دوو هەزار حاڵەت بووە.
شایەنی باسە لە هاوینی رابردووەوە لە ئەمەریكا 40 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی پێوەست كراوە، لەوكاتەی هەشت كەس لە كەنەدا تووشی نەخۆشی وا بوون كە هۆكارەكەی بۆ كێشانی ئەو جۆرە جگەرە گەڕێندرایەوە.
بەم دواییە لێكۆڵەرە ئەمەریكییەكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە هۆكاری سەرەكیی حاڵەتەكانی نەخۆشی لەنێوان ئەوانەی جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن، بریتییە لە زەیتی ڤیتامین ئەی كە بۆ ئەو جۆرە جگەرە زیاد دەكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی مادەی "تی ئێچ سی"ی تیادایە،بۆیە پزیشكانی كەنەدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە زیتی ڤیتامین ئەی تاكە سەچاوەی مەترسیدار نییە لە جگەرەی ئەلیكترۆنی، بەڵكو مادەی تریش هەن كە زیان بەوانە دەگەیەنن كە ئەو جۆرە جگەرە دەكێشن.