دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ پێنجشه‌م 21ى تشرینى دووه‌م، مامۆستایەکی ئاینی له شارى هه‌ولێر ده‌كه‌وێته ژێر زه‌مینی باڵه‌خانه‌یه‌ك و گیان له‌ده‌ست ده‌دات، پۆلیسی هەولێر لەسه‌ر گیان له‌ده‌ستدانى مامۆستایه‌كى ئاینى ڕوونکردنەوەیه‌كى بڵاو كرده‌وه.
لەھەر پێشھاتێکی لێکۆڵینەوەکان ڕوونکردنەوە بۆ ڕاى گشتى دەخەنه‌ڕوو
پۆلیسی هەولێر له ڕوونکردنەوەیەکیدا كه وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، تێیدا دەڵێت، "دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن پاسەوانانی شوققەکانی زانیاری بەبوونی تەرمێک لە شوققەکەیان سه‌عات 11:30 خوولەکی ڕۆرژى پێنجشه‌م 21ى تشرینى دووه‌م، دەستبەجێ تیمی لێکۆڵینەوەی بنکەی پۆلیسی خانەقا لەگەڵ تیمی بەڵگە و تاوان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دواتر تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی داد کرا و دوای پشکنین و توێکاری کردنی تەرمەکە دەرکەوت کەوا، کەسێکە بەناوی (یوسف ئەحمەد محەمەد) لەدایکبووی ساڵى 1978 و خەڵکی کەرکووکە".
پۆلیسی هەولێر ڕاى گه‌یاندووه، "بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی داد دەردەکەوێت کەوا ھیچ شوێنەوارێکی گولـله و لێدان یان ھەر ھۆکارێکی تر بە جەستەیەوە دیار نەبووە و گیان لەدەستدانەکەیشی تەنیا کەوتنە خوارەوە بووه له شوێنیكى بەرزەوە".
پۆلیسی هەولێر ئاشكرا كردووه كه پەڕاوی لێکۆڵینەوەى بۆ ڕووداوه‌كه کراوەتەوە و لەھەر پێشھاتێکی لێکۆڵینەوەکان ڕوونکردنەوە بۆ ڕاى گشتى دەخەنه‌ڕوو.
یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی عاسی گەڕەکی تەپەی شاری کەرکووك بووه، هاوکات مامۆستای زانکۆی کەرکووک و دواناوەندی حەمرینیش بووه، له ئه‌سانسۆری باڵه‌خانه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته ژێرزه‌مین و گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه" ئه‌و مامۆستا ئاینییه، ڕۆژی چوارشه‌م 20ی تشرینی دووه‌م بەمەبەستی گۆڕینی ڕاژه‌ى بڕوانامەی دکتۆراکەی سەردانی شاری هەولێری کردووە و شەو لە شوققەکانی زانیاری شاری هەولێر ماوەتەوە.