نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە نزیكترین خاڵی مووسڵ كرایەوە

:: AM:11:49:17/10/2016 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، كردنەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە نزیكترین خاڵی مووسڵ رادەگەیەنێت، بەمەبەستی پێشكەشكردنی فریاگوزاریی پزیشكی بۆ بریندارانی شەڕی داعش.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی یەكەمی 2016 لەگەڵ دەست پێ‌ كردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، رای گەیاند، دوا بە دوای ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ، لە میحوەری خازر بەسەرپەرشتی ژووری عەمەلیاتی تەندروستی، نەخۆشخانەیەك بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە چەكدارەكانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن تەندروستی هەولێرەوە كرایەوە.

روونی كردەوە، نەخۆشخانەكە ستافی تەواوی بۆ دابین كراوە كە پزیشكانی پسپۆڕ و فریاكەوتن و كارمەندانی تەندروستی و ژمارەیەكی زۆر لە ئەمبوڵانس و فڕۆكەكانی ئەمبوڵانس و ئامێر و دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تیمەكانی گەڕۆك و فریاگوزاری خێرا و نەخۆشخانەكانی هەولێر بەشدارییان تێدا كردووە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی یەكەم، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە میحوەری خازرەوە بە پێشڕەوی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستی پێكرد.

وشە/رێبین فەتاح






وشە - ڕێبین فه‌تاح