ئێران عیسمەت: حەز دەكەم لە رێی ئۆپێراوە خزمەتی گۆرانیی كوردی بكەم

:: AM:11:45:27/11/2019 ‌

ئێران عیسمەت بە گۆرانیی "من دڤێت پێشمەرگە بم" كە گۆرانییەكی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند ئیبراهیم چڕیویەتی، ناوبانگ دەردەكات و دەنگخۆشییەكەی سەرنجی خەڵكی بۆ لای راكێشاوە. ئەو هونەرمەندە پێشتر تەنیا لە بواری ژەنینی موزیكدا كاری كردووە. لەم دیمانەیەی "وشە"دا باس لەو هۆكارانە دەكات كە وایكردووە دوای ماوەیەكی درێژ لە كاری موزیك، روو لە گۆرانی بكات.
لە گرووپی چالاكی قوتابخانەكاندا بۆ ماوەی پێنچ ساڵ وەك ژەنیاری كەمانچە و ئۆكوردیۆن كاری كردووە،

ئێران عیسمەت ئیقبال /30 ساڵ/ لە ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە. لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و و رۆشنبیر گەورە بووە و خاوەن پێنچ خوشك و سێ برایە. لە منداڵییەوە خولیای دنیای هونەر و موزیك دەبێت و لە گرووپی چالاكی قوتابخانەكاندا بۆ ماوەی پێنچ ساڵ وەك ژەنیاری كەمانچە و ئۆكوردیۆن كاری كردووە، دواتر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان/بەشی موزیك خوێندوویەتی.

ئێران بۆ خوێندنی زیاتر لە بواری موزیك و ئاشنابوون بە دنیاكەی، چوار ساڵی تر لە كولیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دەخوێنێت، بەوەش ناوەستێت و روو دەكاتە باكوری كوردستان، بەڵام ئەمجارە لەسەر ئامێری كەمانچە ناخوێنێت و تایبەتمەندییەكەی دەگوڕێت بە پەروەردەی دەنگ_ئۆپێرا و ماستەر لەو بوارەدا وەردەگرێت.

گۆڕینی تایبەتمەندییەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە لە كاتی خوێندنی زانكۆدا لە ئێران. هەروەها کاتێک ئەو لە زانکۆی سەلاحەدین بووە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ چیتر نەیتوانیوە زۆر لەسەر ئامێری كەمانچە كار بكات، لەبەرئەوە زیاتر حەزی كردووە گرنگی بە دەنگ بدات.

هەرچەندە ئەو درەنگ دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە، بەڵام هۆكارەكەی بۆ خوێندن دەگەڕێنێتەوە و ئێستەیش زۆر حەز لە بەرهەمهێنانی كلیپ ناكات، بەڵكو حەز دەكات زیاتر خزمەتی گۆرانیی رەسەنی كوردی لە رێی ئۆپێرا و گرووپێكی موزیكی بەرهەمدار بكات.

ئەو كچە كە ماوەی چەند مانگێكە لە باكوری كوردستان گەڕاوەتەوە و خوێندنی تەواو كردووە، ئێستە بەرپرسی گرووپێكی گۆرانیگوتن و دەفژەنییە كە خزمەتی گۆرانیی كوردی دەكەن بەناوی "چل كەزی" و لە 20 كچی خۆبەخش پێك دێن كە سەرجەمیان دەفژەنن.  

وشە/دهۆك- دێژین سدقی



وشە - وشه‌