كچێكی دهۆكی كتێبێكی هایكۆ بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:01:01/12/2019 ‌

هایكۆ یەكێكە لە فۆرمەكانی ئەدەبی و سەرەتا لە ژاپۆن دەركەوتووە، دواتر پەلی هاویشتووە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی تر. لە كوردستان ئەم فۆرمە ئەدەبییە زۆر تازەیە و تاك و تەرا شاعیر پەیان پێ بردووە، بەڵام كچێكی دهۆكی بەناوی هیوا فازڵ لەسەر ئەو رێچكەیە بەرهەمێكی نوێی بڵاو كردەوە.
 
سەرەتای كاركردنت لەناو دنیای ئەدەب بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 كە ئەوكات تەنیا چەند شیعر و تێكستێكی ئەدەبیم هەبوو، بەڵام دواتر لە 2013 بەشێوەیەكی ئەكادیمی دەركەوتم و گرنگیم بە نووسینە ئەدەبییەكان دا، یەكەم بەرهەمیشم ئەمساڵ بەناوی "ئورڤیا" بڵاو كرایەوە كە تایبەت بە هایكۆ بوو.

هایكۆ چییە؟

هایكۆ فۆرمێكی شیعری ژاپونییە و بە مانای "منداڵی خۆڵەمێش" دێت، پێكهاتووە لە شیعرێكی ستوونی 17 بڕگەیی، دواتر ئەم فۆڕمە پەلی هاویشتووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتی تریش، بەڵام بەشێوازێكی جیاواز و بە ستوونێكی سێ‌ برگەیی، لە كوردستان ئەم جۆرە شیعرە نییە یان زۆر كەمە.

ئایا هایكۆ گوڕانكاریی بەسەردا هاتووە؟

هەڵبەت گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، سەرەتا بۆ مەبەستی ئاینی بەكار هێنراوە، بەو رێیەوە ئامۆژگاری خەڵك دەكرا، بەڵام وردە وردە پەرەیسەند و بووە مژارێكی ئەدەبی، هەر بەوەش نەوەستا و بەردەوام لە گۆڕانكاریدا بوو، دوو قوتابخانەی هایكۆی كلاسیكی هەن كە یەكیان پێی دەگوترێت موكی هایكۆ، ئەویتر قوتابخانەی نوێخوازی ئانكۆ چینكو هایكۆ، هەریەكەیان دەستووری تایبەت بە خۆی هەیە و دەیەوێت هایكیست جێبەجێ‌ بكات. 

بەڵام تا ئێستە بەشێكی زۆری خوێنەران و تەنانەت نووسەرانیش نازانن هایكۆ چییە و لە چی پێكهاتووە و شێوەی چۆنە، بۆیە لەو بوارەدا كار دەكەم بۆ ئەوەی پەرە بەو جۆرە ئەدەبە لە كوردستان بدەم.

چۆن پەرەی پێ دەدرێ؟

پێم وایە بەشی زمانی كوردی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لە رێی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە دەتوانن پەرە بە هایكۆ بدەن، رێنوێنی و رێسا و یاساكانی هایكۆ بۆ خوێنەران روون بكەنەوە تا بە ئاسانی بیانناسن.

قوتابخانەكانی هایكۆ چۆن بوون؟

هایكۆ دوو قوتابخانەی هەیە، قوتابخانەی كلاسیك و قوتابخانەی نوێخواز، لە قوتابخانەی كلاسیكدا هایكۆ چەندان مەرجی هەیە، دەبێت دێڕەكە 17 بڕگەیی بێت، ناوی یەكێك لە وەرزەكانی ساڵی تێدا بێت یان ئاماژە بە وەرزێكی ساڵ بكرێت، هەروەها رەزیلی لە گوتەكاندا هەبێت، واتە زۆر كەم وشە بەكار بهێنرێ‌. هەروەها لە هایكۆدا نابێ باسی كاری رابردوو بكرێت، بەڵكو دەبێ باسی كار لەسەر رانەبردووی بەردەوام بكرێت.

بەڵام قوتابخانەی نوێخواز جیاوازە، لەو قوتابخانەیەدا هایكیست دەتوانێ خۆی لە 17 بڕگەیی رزگار بكات، یان هەر مەرجێكی تر كە لە هایكۆی كلاسیكدا هەیە، یەك مەرجی سەرەكی دەمێنێتەوە ئەویش سێ‌ دێڕە و لە هەردوو قوتابخانەدا هەیە، بە پێچەوانەوە تێكستەكە لە قاڵبی هایكۆ دەردەچێت، خۆم ئەم مەرجەم لاداوە وەك هاكێستێكی كورد، وەك چۆن لە هەر وڵاتێكی تر بەگوێرەی ئەدەبیاتی خۆی، گۆڕانكاریی بەسەر هایكۆدا كردووە، منیش گۆڕانكاریم كردووە.

وشە/ دهۆك- نەوزاد هلۆری





وشە - وشه‌