باڵی لایەنگران لەناو یەكێتی ڕاگەیەنرا

:: AM:10:20:01/12/2019 ‌
باڵێكی نوێ‌ لەناو یەكێـتی بۆ بەستنی گۆنگرە ڕادەگەیەنرێت و هۆشداری بەو حزبە دەدەن لە ئەگەری دواخستنی كۆنگرە، كاردانەوەی توندی جەماوەرییان دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی كانوونی یەکەم، لە بەیاننامەیەكی لایەنگرانی كۆنگرە هاتووە، بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتی بەهیچ شێوەیەك ڕەزامەند نابین بە دواخستنی پرۆسەی ئەنجامدانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و ڕەزامەند نابین بە دواخستنی كۆنگرە و دەبێت لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ببەسترێت.

هەر هەنگاوێك بۆ بەلاڕێدابردنی پرۆسەكە هەبێت، كاردانەوەی "یاسایی و ڕێكخراوەیی و حزبی" توند دەگرنەبەر
ئەو كەسانە كە خۆیان بە لایەنگرانی كۆنگرەی ناو یەكێتی ناساندووە، ئاشكرایان كردووە كە هەر هەنگاوێك بۆ بەلاڕێدابردنی پرۆسەكە هەبێت، كاردانەوەی "یاسایی و ڕێكخراوەیی و حزبی" توند بۆ بەستنی كۆنگرە و نوێكردنەوەی یەكێتییەكەمان دەگرنەبەر.

 لە كۆتایی بەیاننامەكە ئاشكرا كراوە، لێرەوە ڕای دەگەیەنین كە هەر سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەك ئۆباڵی دواخستنی پرۆسەكانی هەڵبژاردنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و دواخستنی كۆنگرەی بكەوێتە ئەستۆ، ئەوا دەكەوێتە بە گەردەلوولی ڕق و تووڕەیی كادرانی یەكێتی و بۆ تاهەتایە نەفرەتی لێ دەكرێ. 

ئێستە هەڵبژاردنی كۆمیتەكانی یەكێـتی ئەنجام دراوە و تەنیا پێنج ڕۆژ ماوە بۆ بەستنی كۆنگرە، تا ئێستە هەڵبژاردنی مەڵبەندەكان بەڕێوە نەچووە و سەرجەم ئەگەرەكان باس لە دواخستنی كۆنگرەی یەكێـتی دەكەن و لە ئەگەری ئەنجامدانیشی ئەوا پێڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە پێشێل دەكرێت و زیاتر لە هەزار ئەندام دەچنە كۆنگرە.



وشە - رامیار جەواد