لە هەولێر سەگ پەلاماری 200 كەس دەدات

:: PM:02:01:02/12/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات زۆربوونی سەگ گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز، تا ئێستە چەندان پالاماری سەگ هەبووە بۆ سەر هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ دووشەم دووی كانوونی یەكەم، غازی عەلی سەرۆكی لیژنەی سكاڵا و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەند كۆبوونەوەیەك كراوە لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار بۆ ئەوەی كێشەی زۆربوونی سەگ لە گەڕەكەكانی هەولێر چارەسەر بكرێَت.

دەبێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت
سەرۆكی لیژنەی سكاڵا گوتی، زیاتر لە 190 پەلاماری سەگ بۆ سەر هاووڵاتییان هەبووە ئەوەیش ژمارەیەكی زۆرە و دەبێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكرت.

باسی لەوەشكرد، ئێستە دوو ڕێگەچارە دانراوە كە ڕێكخراوە ناوخۆییەكان هەوڵبدەن لە ڕێگەی ڕێكخراوە جیهانییەكان ئەو سەگانە لە شوێنێك كۆ بكەنەوە و ڕێگەی دووەمیش بریتییە لە پێداچوونەوە بە فەتواكەی یەكێتی زانایانی كوردستان.

باسی لەوەشكرد، نووسراو كراوە بۆ یەكێتی زانایانی و لایەنی پێوەندیدار كە ڕوونكردنەوەی پێویست بدەن و چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە تا كار گەیشتووەتە  ئەوەی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەخۆی چەند قوتابییەكی لە دەست سەگ ڕزگار كردووە.

ئەو هەوڵە لە كاتێكە پێشتر هەفتەنامەی "وشە" لەڕێگەی ڕاپۆرتێك ئاشكرای كردبووە زۆربوونی سەگ جگە لە مەترسییەكانی كاری كردووەتە سەر نرخی خانووش لە چەند گەڕەكێكی هەولێر.

 



وشە - رامیار جەواد