لە ماوەی مانگێكدا 38 كەس لە كەركووك كوژراون و 18 برینداریش هەبووە

:: PM:03:40:02/12/2019 ‌
لە ماوەی مانگی رابردوو لە پارێزگای كەركووك 38 كەس كوژراون، ناوەندی مافەكانی مرۆڤیش دەڵێ، بەشی زۆریان تیرۆریست بوون.

ئەمڕۆ دووشەم دووی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە كەركووك كە رێكخراوێكی نا حكوومییە رای گەیاند، لە مانگی تشرینی دووەم لە كەركووك 38 كەس كوژراون و 18ـی تریش بریندار بوونە.

ناوەندی مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، لەو 38 كەسەی لە مانگی تشرینی دووەم كوژراون، 31ـیان لە تیرۆریستان بوونە، سێیان سەرباز و چوار كوژراویش هاووڵاتی سڤیل بووە.

لەو 38 كوژراوە 31ـیان تیرۆریست بووە و لە 18 بریندارەكەش 17ـیان هاووڵاتی سڤیل بووە


بەیاننامەكەی ناوەندی مافی مرۆڤ كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، دەری دەخات جگە لەو 38 كوژراوەی مانگی تشرینی دووەم، ئەوا 18 كەسی تریش بریندار بووە كە 17ـیان هاووڵاتی سڤیل و یەكێكیش لە بریندارەكان سەرباز بووە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە بێت، هێزە تەناهییەكان لە كەركووك لە مانگی رابردوو توانیویانە هەشت تیرۆریست بگرن و هاوكات هاووڵاتییەكیش هەر لە مانگی رابردوو رفێنراوە تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە.

جێی باسە دۆخی تەناهی كەركووك لە مانگی رابردوو بەهۆی جموجۆڵەكانی داعش لە باشوور و رۆژهەڵاتی شارەكە، پشێوی زۆری بەخۆیەوە بینی و تا ئێستە جموجۆڵەكانی داعش لەو ناوچانە بەردەوامیان هەیە.





وشە - فه‌رمان سادق