له هه‌موو دنیا و له بواره‌كانى ژیاندا هه‌ر نوێگه‌رییه‌ك كرابێت هه‌رچه‌نده زۆرباش و گرنگیش بووبێت، به ئاسانى قبووڵ نه‌كراوه و به‌ره‌نگارى تانه و ره‌خنه‌ى جۆراوجۆرى زۆر بووه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌وانه‌ى تازه‌گه‌رى ده‌كه‌ن یان شێوازى نوێ دێننه هه‌ر بوارێك، ده‌بێ خۆیان ئاماده كردبێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێرشى ره‌خنه و تانه.
كاتێك هونه‌رمه‌ند قادر دیلان به ئامێرى موزیكی رۆژئاوایی گۆرانیى "قژ كاڵی لێو ئاڵی"ی گوت، ده‌توانین بڵێین یه‌كه‌م گۆرانیى كوردییه به ئامێرى موزیكی رۆژئاوایی تۆمار و بڵاو كرابێته‌وه، ئه‌ویش له شیعرى مامۆستا گۆران و ئاواز و گوتنى هونه‌رمه‌ند قادر دیلان خۆیه‌تی.
سه‌ره‌تای ئه‌و گۆرانییه گوێ‌گران هه‌ستیان به نامۆیی موزیكه‌كه‌ى كرد و بووه جێى سه‌رنج و ره‌خنه‌ى هه‌مه‌جۆر، به‌وه‌ى گۆرانیى كوردیى شێواندووه و له ره‌سه‌نایه‌تى دوورى خستووه‌ته‌وه، تووشى چه‌ندان تانه و ته‌شه‌ر بووه‌وه، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن بژارده‌یه‌ك له رۆشنبیر و موزیكزانه‌وه ئافه‌رین و ده‌ستخۆشی لێ كرا.
زۆربه‌مان به ده‌نگى هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ر دزه‌یی گوێمان له گۆرانیى "قژكاڵى لێو ئاڵى" بووه، راستییه‌كه‌ی گۆرانییه‌كه هی قادر دیلانه. دیلان ته‌نیا گۆرانیبێژ نه‌بوو، به‌ڵكو ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر و شانۆكار و شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بوو له ئامێره‌كانی شمشاڵ، نه‌ی، سه‌كسیفۆن، عوود، كلارنێت و كه‌مانچه، به‌ڵام زیاتر كلارنێتی ژه‌ندووه.
یه‌كه‌م موزیكزانی كورد بوو میلۆدیی میلیی كوردی له چوارچێوه‌ی ئۆركێسترادا پێشكه‌ش كردووه
هاوكات شاره‌زایی له چه‌ندان ئامێری موزیك رۆژئاوایی هه‌بووه. یه‌كه‌م موزیكزانی كورد بوو میلۆدیی میلیی كوردی له چوارچێوه‌ی ئۆركێسترادا پێشكه‌ش كردووه و بۆ سه‌رده‌مى خۆى كارێكى ناوازه و داهێنان بوو.
دیلان له ساڵی ١٩٢٨ له سلێمانی له دایك بووه و براى شاعیر و هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ساڵح دیلانه، بۆیه به‌هره‌ی هونه‌رى گۆرانیگوتنى له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه هه‌بووه. خوێندنی سه‌ره‌تایی تا دواناوه‌ندی له سلێمانی ته‌واو كردووه، دواتر بۆ كۆلێژ چووه‌ته به‌غدا و به‌شی ئابووری له زانكۆی به‌غدا ته‌واو كردووه.
له ساڵی 1948دا تیپێكی موزیكی دامه‌زراندووه به‌ناوی "دیلان"، له ساڵی ١٩٥٢ ناوی تیپه‌كه گۆڕاوه بۆ تیپی موزیكی "مه‌وله‌وی" وه‌ك ڕێزێك بۆ ئه‌و شاعیره گه‌وره‌ى كورد. ئه‌م تیپه‌ش به یه‌كه‌م تیپی موزیكی كوردی ده‌ناسرێته‌وه كه به فه‌رمی خاوه‌ن نووسینگه و ئه‌ندام ه‌بووه.
دیلان یه‌كێك بووه له هونه‌رمه‌نده چالاكه‌كانی گرووپی موزیكی مه‌وله‌وی له سلێمانی. له ساڵی ١٩٤٨ ئاوازی بۆ سروودی نه‌ورۆز داناوه. له ١٩٥٧ كاتێ لافاوێك له شاری سلێمانی هه‌ستاوه، دیلان له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ی به شار و گونده‌كانی كوردستان ده‌گه‌ڕێن و ئاهه‌نگی خۆبه‌خشانه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ لێقه‌وماو و زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه كۆ بكه‌نه‌وه، ئه‌مه له‌لایه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری و له‌لایه‌كی تره‌وه بیرۆكه‌كه‌ی زۆر مرۆڤانه و نوێ بووه بۆ ئه‌وكات.
له ساڵی ١٩٦٢ ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌وێ ماوه‌ى چوار ساڵ بابه‌تی موزیك له پڕاگى پایته‌ختی چیكۆسلۆڤاكیای ئه‌وكات ده‌خوێنێت. هه‌ر له‌و وڵاته له یه‌كێك له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان وه‌ك موزیكژه‌ن كاری كردووه.
له ١٨ی ئاداری ١٩٩٩ به نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد و له نۆڤێمبه‌ری ٢٠٠٧ ته‌رمه‌كه‌ی هێنرایه‌وه كوردستان و له سلێمانی به‌خاك هاته سپاردن.
سه‌رچاوه:
به‌رنامه‌ی بیره‌وه‌ری له كه‌ناڵی هه‌ولێر - یوتیوب، كه‌ناڵی هه‌ولێر. ٢٩ی حوزه‌یرانی ٢٠١٣.
وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌بارى